کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئاژانس بە ئێران: ناتوانین هەروا درێژە بە دۆخی ئێستا بدەین

11:57 - 12 خەزەڵوەر 2721

''ڕافائێل گڕووسی'' بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە ئاماژەدان بەوەیکە لێکۆڵەرانی ئاژانس ناتوانن دەستیان بە دووربینەکانی چاوەدێریی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ڕابگات و لە دۆخێکی دژواردان وتی، ئەو دۆخە ناتوانرێت زیاتر لەوە درێژەی هەبێت.

ناوبراو کە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی هەرێمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ "گلاسکۆ" سەفەری کردبوو، لە پەراوێزی ئەو دانیشتنەدا بە هەواڵدەریی ''ئاسوشێتدپرێسی'' وتبوو کە هیوادارە بەم زووانە سەردانی ئێران بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران گفتوگۆی هەبێت.

ڕۆڵی ئاژانس لە لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بەشێکی گرینگ لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥ بووە، بە پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕۆڵی چاوەدێریی ئاژانس لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی کێشەیەکی گەورە لەنێوان تاران و کۆمەڵگەی جیهانی.

گڕووسی هەوڵەکانی ئاژانسی وزەی ناوکیی لە ئێران بە ''فڕین لەنێو هەورە چڕ و پڕەکان'' وەسف کرد و وتی: ''ئێمە بە فڕینی خۆمان لەو ڕێگایەدا درێژە دەدەین، بەڵام نە بۆ ماوەیەکی زۆر''.