کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەمەڕ قرتاندنی قامکی دەستی ٨ زیندانی لە ئێران

12:47 - 21 جۆزەردان 2722

ڕۆژی هەینی ٢٠ی جۆزەردان، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی سەرەڕای هۆشداریدان لەبارەی مەترسیی بەڕێوەچوونی حوکمی قرتاندنی قامکی دەستی ٨ زیندانی لە ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد هەتا لە هەموو کەرەستەکانی دیپلۆماتیک بۆ ڕاگرتنی ئەو حوکمە دەرکراوە لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران، کەڵک وەرگرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە خراوەتە بەردەستی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیمی ئێران بەو ٨ زیندانییەیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ یەکێک لە زیندانەکان کە ئامێری گیوتینی لێیە ڕادەگوازن هەتا حوکمەکەیان بەڕێوە بچێت.

لەو بارەوە ''دایانا ئەلتەحاوی'' جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، قرتاندنی قامکی دەستی زیندانییان لە ئێران بە یەکێک لە شێوەکانی ئەشکەنجە زانیوە و وتی کە دوایین نموونەیان، جارێکی دیکە بێ بەزەیی بێ شەرمانەی دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران وەبیر دێنێتەوە.

بە وتەی ناوبراو: "بەڕێوەچوونی سزاگەلی دزێوی لەو جۆرە عەداڵەت نییە، بەڵکوو دەستدڕێژی بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤە".

سزای نامرۆڤانە وەکوو بڕینی ئەندامانی لەش، بە ئەشکەنجە دێتە ئەژمار کە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی وەکوو تاوان دەناسرێت و بە بەڵگەهێنانەوە بە مادەی ٧ی پەیمانی نێونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسی کە ئێران یەکێک لە ئەندامانی ئەو پەیمانەیە، ئەنجامی ئەو سزایە قەدەغەیە.