کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆلەند: خەڵکی ئێران کە دانیشتووی ئورووپان بۆ وڵاتانێک کە ئێران دزەی تێدا کردووە سەفەر نەکەن

12:06 - 24 خەزەڵوەر 2720

ڕێکخراوی ئەمنییەت و زانیاریی هۆلەند، هۆشداریی بە چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران داوە کە بۆ وڵاتانێک کە ڕێژیمی ئێران دزەی تێدا کردووە سەفەر نەکەن، چونکە هەڕەشەی ڕادەستکردنەوە و ڕفاندنیان لەسەر دەبێت.

ڕێکخراوی ئەمنییەت و زانیاریی هۆلەند، ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "ئاخرۆسـ"ـی هۆلەند، بە لەبەرچاوگرتنی ڕفاندنی "حەبیب ئەسیوەد" یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریدەری ئەلئەحواز و ڕادەستکردنەوەی بۆ باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە تورکیە، ڕایگەیاندووە کە چالاکانی سیاسیی ئێرانی خۆیان لە سەفەرکردن بۆ وڵاتانێک کە ئێران دزەی تێدا کردوون، بپارێزن.

ئەو ڕێکخراوەیە وتوویەتی: "سەرجەم چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران کە لە وڵاتە ئورووپاییەکاندا نیشتەجێن، لە ئەگەری سەفەر بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئێران تێیدا دزەی کردووە لەگەڵ هەڕەشەگەلێک وەک دەسبەسەری، ڕفاندن، ڕادەستکردنەوە بۆ ئێران، دادگاییکردن و پێدانی حوکمگەلی قورس بەرەوڕوون".

بە سەرنجدان بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێرۆری دژبەرانی سیاسی و هەروەها چالاکانی عەرەب لە خاکی ئورووپا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی هۆلەندیش لە ساڵی ڕابردووەوە بڕیاری داوە کە بۆ پارێزگاری لە گیانی چالاکانی سیاسیی ئێرانی کە لە هۆلەند دەژین، ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی زیاتر بگرێتە بەر.