کوردستان میدیا: لەگەڵ ئەوەی پارێزگای کرماشان، زەوینێکی زۆری بۆ کاری وەرزێڕی هەیە و باشترین زەعفەرانی جیهان بەرهەم دێنێت، ١٣ هەزار دەرچووی بەشی وەرزێڕی لەم پارێزگا کوردنشینەدا بێکارن.
"نوربەخش حاتەمی"، بەرپرسی ڕێکخراوی جووتیاریی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، باسی لەباربوونی زەوییەکانی پارێزگای کرماشانی بۆ کاری وەرزێڕی و پشتگوێخرانی ئەم کەرتە پڕ بەرهەمەی لەم پارێزگایەدا کرد و ڕایگەیاند: "ڕووبەری زەوییەکانی کرماشان زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هێکتارە، کە تەنیا بە نزیکەی یەک ملیۆن و نیوی لە دارستانەکان پێک دێنن و بەپێی نوێترین ئامارەکان، لەم ڕووبەرە تەنیا ٩٥٠ هەزار هێکتاری بۆ وەرزێڕی دابین کراوە".
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە پۆتانسییەلەی وەرزێڕی و دامپەروەری و...، ئاماری بێکاری و دۆخی خراپی ئابووری، بە هیچ شێوەیەک لە شەئنی خەڵکی ئەم پارێزگایەدا نییە".
ناوبراو لەبارەی زەعفەرانی پارێزگای کرماشانەوە ڕایگەیاند کە بەپێی بیر و بۆچوونی کارناسان، زەعفەرانی کرماشان لە جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە و ئەم بەرهەمە بە نرخی ١٤ هەتا ١٥ ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت.
لەگەڵ ئەوەی پارێزگای کرماشان، وەک باقیی پارێزگاکانی دیکەی کوردستان پڕ بەرهەمە و ئەگەر گرینگیی تایبەتی پێ بدرێت، دەتوانێت لە بواری ئابوورییەوە بگەشێتەوە و ئاماری بێکاری تێیدا تەنیا بە کەڵک وەرگرتن لە پیشەی وەرزێڕی بە شێوەیەکی بەرچاو داببەزێت.
هەر بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، لە پارێزگای کرماشاندا، ١٣ هەزار کەس کە دەرچووی بەشی وەرزێڕین، لە ئێستادا بێکارن.