کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانی بەنداوی "سەردەشت" ناڕوونە

10:14 - 20 رەزبەر 2720

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ورمێ هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانی بەنداوی "سەردەشتـ"ـیان بۆ کەمئاوبوونی ڕووبارەکان گەڕاندووەتەوە بەڵام چالاکانی ژینگەیی وتوویانە: "هۆکاری لەنێوچوونی ئەو ڕێژە زۆرەی ماسییەکان بێئاوی نییە و هۆکارگەلێکی دیکەی هەیە".

سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەی "سەردەشت" وتوویەتی، هۆی لەنێوچوونی نزیک هەزاران ماسیی بەنداوی ئەو شارە تەنیا بەهۆی کەمیی ئاوی ڕووبارەکان و نەمانی ئۆکسیژێنی پێویست بۆ زیندوومانەوەی ئەو بوونەوەرە ئاوییانەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، لە ساڵانی ڕابردووشدا ژمارەیەکی زۆری ماسی لەو بەنداوە و ڕووبارەکانی "سەردەشت" هەر بەهۆی ئەو کێشەیەوە لەنێو چوون.

ئەو فەرمانگە ژینگەییە باسی لەوەش کردووە، بەپێی ئەو نموونە و تاقیکارییانە کە ئەنجام دراون، هیچ هۆکارێکی وەک پیسبوونی ئاوی بەنداوەکە و نەخۆشییەکی تایبەت بە ماسییەکان لە ئارادا نییە.

بە وتەی چالاکانی ژینگەیی و کەسانی شارەزا لەوبارەوە، هۆکاری کەمیی ئاو تەنیا پاساوهێنانەوە و خۆدەربازکردنە لەهەمبەر ئەو کارەساتە ژینگەییە.