کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکاری کوشتنی سەرکوەزیری پێشووی ژاپۆن تایبەتی بووە

13:21 - 18 پووشپەڕ 2722

پۆلیسی وڵاتی "ژاپۆن" لە دوای قۆناغی سەرەتایی لیکۆڵینەوە لە بکوژی "شینزۆ ئابێ" سەرۆکوەزیری پێشووی ئەو وڵاتە، هۆکارەکانی ئەو کوشتنەی بۆ کێشەی تایبەتی گەڕاندەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، "تتسۆیا یاماگی" بکوژی "سەرۆکوەزیری پێشووی "ژاپۆن" دەستبەجێ لە دوای کوشتنی ناوبراو دەسبەسەر کرا و پۆلیس وتوویەتی کە بەپێی قسەی بکوژەکە، "شینزۆ ئابێ" پەیوەندیی بە گرووپێکی مەزهەبییەوە بووە کە بەرپرسی لەنێوبردنی داهاتی بژێویی ژیانی دایکی و پەرتەوازەکردنی بنەماڵەکەی بووە.

پۆلیسی ژاپۆن لە هەوڵی بەدواداچوون بۆ ناسینی ئەو گرووپەیە و هەتا ئێستا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە لیکۆڵینەوەی ئەو بکوژە بڵاو نەکردووەتەوە.

"شینزۆ ئابێ" یەکیک لە ناوسراوترین ڕێبەرانی "ژاپۆنـ"ـە کە ڕۆژی هەینی ١٧ی پووشپەڕ لە کاتی لێدوانی بانگەشەی هەڵبژاردندا کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی "تتسۆیا یاماگامی" و دوای چەند کاتژمێر مەرگی ناوبراو بە فەرمی بڵاو کرایەوە.

کوشتنی "شینزۆ" لە حاڵێکدایە دژکردەوە و مەحکوومکردنی جیهانیی بەدواوە بووە کە "ژاپۆن" یەکێک لە وڵاتە ئەمنەکانی جیهانە و یاسایەکی توندوتۆڵ و دژواری لە بواری چەکوچۆڵەوە هەیە.