کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکاری کێشە ئابوورییەکان مودیرییەتی هەڵەیە

18:29 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: "جەیمز فیلیپس"، لێکۆڵەری پایەبەرزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بونیادی "هریتیج"، هۆکاری کێشە ئابوورییەکانی بۆ کارە ناکارناسانەکانی ڕێژیمی ئێران گەڕاندەوە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا، بە لەبەر چاوگرتنی زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، گوشاری بناژۆخوازەکانیش بۆ سەر دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی زیادی کردووە.

"جەیمز فیلیپس"، لێکۆڵەری پایەبەرزی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بونیادی هریتیج، لە پێوەندییەدا دەڵێت: "ئەگەرچی دانیشتنی ئەم دوایەی مەجلیسی ڕێژیم بۆ لێکدانەوەی کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران بووە، بەڵام کێشە ئابوورییەکانی ئێران بەهۆی ناکارناسیی کارەکانی خودی ڕێژیمەوەیە، کە هەمان مودیرییەتی هەڵە و گەندەڵیی فراوان دەگرێتەوە".

فیلیپس لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هۆکاری پێدانی دەنگی نامتمانەیی بە وەزیری ئابووری، قوربانی کردنی ناوبراو بۆ کێشە ئابوورییەکان، ڕێخۆشکردنە بۆ دەستێوەردانی توندڕەوەکان لە ئابووری وڵات؛ بە تایبەتی بۆ دەست‌ ئاوەڵاکردنی سپای پاسداران لە زۆرێک  له ناوەندە ئابوورییەکانی وڵات. دەوڵەتی ڕۆحانی نە تەنیا بە هۆی قەیرانە ئابوورییەکانەوە کەوتووەته بەر هێرش؛ بەڵکوو بە هۆی  ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ گەندەڵیش کەوتووەتە بەر هەڕەشەی ناوەندەکانی دیکەی ڕێژیمەوە.

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کێشەی ئابووری زۆر بەروڕوویە. سەرەڕای ئەوەش فشاری بناژۆخوازەکان بۆ سەر دەوڵەتی ڕۆحانی زیادی کردووە بە شێوەیەک وێڕای بانگهێشتکردنی بۆ مەجلیسی ڕێژیم، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دوو  کەس لە وەزیرەکانیشیان لەسەر کار لابردووە.