کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیندوستان لە هەوڵی دروستکردنی ڕێڕەوێکی تڕانزیتی بە دەوری "ئێرانـ"ـدایە

12:43 - 28 بانەمەڕ 2722

هیندوستان بە دروستکردنی بازنە بە دەوری ئێراندا لە هەوڵی پێکهێنانی ڕێڕەوێکی تڕانزیتیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ئیسرائیل و تورکیەدایە.

ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی سەر بە ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕ بڵاوی کردەوە کە بە زووترین کات شەش وڵاتی عەرەبی خەریکی دروستکردنی ڕێگای ئاسنینن کە هیندوستان بەبێ بەندەری "چابەهار" لە ئێران، لەگەڵ ئورووپا پەیوەند دەداتەوە.

"عەلی زیائی" شرۆڤەکاری بواری پیشەی بردن و گواستنەوە وتوویەتی، هیندوستان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئێرانی فریو داوە و ئێرانی پشتگوێ خستووە و بە جێگای "چابەهار"، لە ڕێگای ئاسنینی "کەنداو" کەڵک وەردەگرێت کە بە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، تەواوبوونی ئەو ڕێگا ئاسنینە خێراییەکی زۆری بە خۆوە دیتووە.

سەرێکی ئەو تڕانزیتە هاوبەشە کە ٣٠٠ کیلۆمیتری لە عەرەبستانی سعوودی و ئۆردۆن تێدەپەڕێت، دەگاتە بەندەری "حەیفا" لە ئیسرائیل و دواتریش تورکیە.

ئەو پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی پێ کردووە و ٢ هەزار و ١٧٧ کیلۆمیترە کە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٥ تەواو ببێت.

هیندوستان لە بیری گەشەی زیاتر لە بواری پیشەی جووتیاری و سەرچاوە "ئاوییەکانـ"ـدایە و ئیسرائیلیش لەبابەت چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتن لە ئاوەکان ناوبانگی هەیە.

پێشتریش هیندوستان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی "چابەهار" دەیان کانتینێر لە مادەی خۆراکی وەکوو برنج، چای، قاوە و چەندین خواردەمەنیی دیکەی لە ڕێگای بەندەرەکانی وڵاتی گورجستانەوە گواستبۆوە بۆ ڕووسیە.

بەپێی ڕێککەوتنی "چابەهار" هیند بارە تڕانزیتییەکانی خۆی لە ڕێگای بەندەری "چابەهار"ەوە بۆ ئەفغانستان، ئاسیای نێوەڕاست و ڕووسیە دەگوازێتەوە.

"چابەهار" لە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانە. ئەو بەندەرە تەنیا شوێنێکی دەریایی گونجاوە بۆ گواستنەوەی کاڵا کە لە زۆرێک لە گەمارۆکانی ئامریکا "بێبەریـ"ـیە.