کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیندووستان کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرت

12:30 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پاش وڵاتانی چین و تورکیە، وڵاتی هیندووستانیش کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرت.

ڕۆژی هەینی، ۳ی جۆزەردان، "هارش واردهان شرینگلا"، باڵوێزی وڵاتی هیندووستان لە واشنگتۆن، پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند: "هیندووستان بە هۆکاری گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، کڕین و هاوردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرتووە."

"هارش واردهان شرینگلا"، لەسەر ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ڕێژیم لە لایەن هیندووستانەوە ڕایگەیاند کە هیندووستان تاکوو یەک مانگ پێش ئێستا، یەک میلیۆن تۆن نەوتی خامی ڕێژیمی ئێرانیان دەکڕی و هاوردە دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە هیندووستانیش کڕینی نەوتی ئێرانی ڕاگرتووە.

باڵوێزی هیندووستان لە واشنگتۆن، لەم بارەیەوە لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێران وەکوو دراوسێیەکی دوور لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندییەکی مێژوویی و خاڵی هاوبەشی فەرهەنگیی زۆرمان هەیە، بەڵام هیندووستان هاوبەشی نیگەرانییەکانی سەرۆک "ترامپـ"ـه و خۆی بە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەزانێت".

"شرینگلا" لە بەشێکی تری قسەکانیدا، لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "ئەو ئاڵۆزی و گرژیانە کێشەیەکە کە لە ڕاستیدا دەبێت لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران چارەسەر بکرێت، ئێمە زۆربەی وڵاتان تەنیا لایەنی سێهەمین و چاوەدێری ئەو باڕودۆخەین."

جێگای ئاماژەیە کە لە پاش وڵاتی چین، وڵاتی هیندووستان یەکێک لە گەورەکڕیارانی نەوتی ڕێژیمی ئێران بوو، کە تاکوو پێش لە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ڕۆژانە ٤۵۰ تاکوو ٤۸۰ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران هاوردە دەکرد.