کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ جۆرە خزمەتگوازرییەک بۆ کەمئەندامانی شاری سنە بوونی نییە

12:11 - 2 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تایبەت بە کەمئەندامانیان دروست نەکردووە و ئەم توێژەی کۆمەڵگا ژیانێکی دژوار بەسەر دەبەن.

هەواڵدەریی "فارسـ"ی سەر بە ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوەیدا، تیشکی خستووەتە سەر کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەمئەندامان لە شوێنە گشتی و شەقام و پیادەڕۆکانی شاری سنەدا.

لەم ڕاپۆرتەدا دەردەکەوێت خەڵکانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، ڕۆژانە لە کاتی هاتوچۆ و جێبەجێکردنی کارەکانی ڕۆژانەیاندا لەگەڵ کێشەگەلێکی وەک: "نەگونجاویی پیادەڕۆکان، نەبوونی شوێن و پێداویستیی تایبەت بۆ گواستنەوە، ناتەوانی بۆ دەسڕاگەیشتن بە شوێنە گشتی و ئیدارییەکان و ناتەوانی لە بەکارهێنانی "خود پەرداز" و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان و نەبوونی ڕێڕەوی گواستنەوەی تایبەت"، ڕووبەڕوون و ئەم کێشانە ژیانیانی دژوارتر کردووە.

یەکێک لە کەمئەندامانی شاری سنە، کە ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵەیە، لەمبارەوە بە هەواڵدەریی "فارسـ"ی ڕاگەیاندووە: "من خۆم لەدایکبووی شاری سنەم، بەڵام تا ئێستا من کە تەمەنم ٤٣ ساڵیشە، خانووی کوردم نەبینیوە، نەمتوانیوە سەردانی مۆزەخانەی سنە بکەم، زۆرێک لە جێگاکانی شاری سنەم هەرگیز نەدیوە و دڵنیام بەرپرسان، هیچ کەڵکەڵەیەکی مێشکییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێمە نییە".

پیاوێکی کەمئەندامی دیکە، هەر لەم ڕاستایەدا، بەو هەواڵدەرییەی ڕاگەیاندووە کە لە پارک و شوێنە گشتییەکانی وەک بانک و ئیدارە دەوڵەتییەکان، "ڕەمپـ"ـی گونجاویان نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین.

دابینکردنی ژیانێکی گونجاو بۆ کەمئەندامانی هەر کۆمەڵگایەک ئەرکی ڕاستەوخۆی دەسەڵات و حکوومەتە، هەتا ئەم توێژە گرینگەی کۆمەڵگا بتوانن ژیانێکی ئاسایی تێبپەڕێنن، بەڵام کەمئەندامانی کوردستان و ئێران بەگشتی، لە سایەی دەسەڵاتی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامیدا، هیچ چەشنە پێداویستییەکی تایبەتیان بۆ دابین نەکراوە و لە کاتی دروستکردنی ڕێگا و بان و شوێنە گەشتیارییەکان، هیچ خاڵێکی تایبەت بۆ ئاسانکردنی ژیانیان لەبەرچاو نەگیراوە.