کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ شتێک بایەخی نییە، تەمەنی نیزام نەبێ!

16:34 - 18 بەفرانبار 2721

شەماڵ تەرغیبی

سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ تەنیا چەند خولەک پاش دەسپێکی فڕینی فڕۆکەی ژمارە ٧٥٢ی ئۆکراینی لە فڕۆکەخانەی تارانەوە، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئەم فڕۆکەیەی کردە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی و سەرجەم سەرنشینەکانی کردە قوربانی سیاسەتی زێدەخوازانەی "نیزام!"

لە دووهەمین ساڵیادی ئەم جینایەتە خوێناوییەدا کە هێشتا هیچ کەس یان لایەنێک لەلایەن دەزگای "ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه"ەوە وەک بەرپرسیار بە ڕای گشتی جیهان و بنەماڵەی قوربانیان نەناسێندراوە، کۆماری ئیسلامی ئامانجدار برینی ساڕێژنەبووی بنەماڵەی قوربانیانی کولاندەوە و نەتەنیا ڕێزی لە ویستی بنەماڵەکان و ڕای گشتی جیهان نەگرت بەڵکوو زۆر هۆڤانە خوێی بە زامەکانیاندا کرد چونکە ئەم داخوازانە بەلایانەوە گرینگ نەبوو و نییە؛ کازم سدیقی بەرنوێژی هەینیی تاران ڕایگەیاند: بنەماڵە ڕەسەن و بەڕێزەکانی گیانبەختکردووانی فڕۆکەی ئۆکراینی قەرزداری شۆڕش و شەهیدان بوون!

ئەم قسە کە لە نەفسی خۆیدا ئەوپەڕی ڕووهەڵمالراوی ڕێژیم نیشان دەدات و وەک هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لە جینایەتێکی سامناکی لەو چەشنە پێناسەی بۆ دەکرێ لەو دنیابینییەوە سەرچاوە دەگرێ کە لەلای سەرانی کۆماری ئیسلامی هیچ شتێک گرینگیی و بایەخی نییە جگە لە "تەمەنی نیزام!"

ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی تاران وەها بێ‌پڕەنسیپانە و دوور لە ئەخلاق و ڕەوشتی مرۆڤانە دەدوێ و هەڵوێست دەگرێ و پێشتریش لە کارنامەی ڕەشی خۆیدا نموونەگەلی لەو چەشنەی تۆمار کردووە؛ لێرەدا چەند نموونەیەک وەبیر دێنینەوە:

  1. ئاگرتێبەردانی چەندین سینما لە ئێران کە لوتکەکەی لە سینما ڕێکسی ئاباداندا بوو لە گەلاویژی ساڵی ٥٧
  2. دەرکردنی فەرمانی جیهاد دژ بە خەڵکی کورد لە گەلاوێژی ساڵی ٥٨
  3. خولقاندنی جینایەتی نەورۆزی خوێناوی سنە
  4. کوشتاری خەڵکی بێتاوانی کوردستان لەلایەن سەربازانی ئەهرێمەنەوە بە بڕیاری خەڵخاڵی
  5. دنەدان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ لە نێوان ئێران و عێراق و بەکوشتدانی هەزاران کەس و ئاوارە کردنی چەندین میلیۆن کەسی دیکە بۆ ماوەی ٨ ساڵ
  6. ئێعدامی هەزاران زیندانی سیاسی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی
  7. ئێعدام کردنی سەدان کەسی دیکە لە جیابیران بە بیانووی ناڕاستی وەک مادەی سڕکەر
  8. هێرش بۆسەر چالاکانی خوێندکاری و دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆکان و دواتر گرتن و زیندانی کردنیان
  9. ئەنجامدانی زنجیرە قەتڵ و تێرۆری کەسایەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لەوانەش قەتڵە زنجیرەییەکان و تێرۆری ڕێبەرانی سیاسی کورد لە دەرەوەی وڵات
  10. سەرکوتی خویناوی ڕاپەڕینە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵەکانی ٧٨، ٨٨، ٩٦، ٩٧، ٩٨، هاوینی ١٤٠٠
  11. کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکانی بێدیفاع لە وڵاتانی دەوروبەر لەوانەش عێراق و سوریە و یەمەن
  12. بەهێزکردنی داعش و تاڵیبان بۆ زیاترکردنی زەبروزەنگ لە عێراق و ئەفغانستان
  13. کوشتنی بەئەنقەستی کۆڵبەران لە کوردستان و کاسبکارانی بەلوچ
  14. پەرەدانی سیستماتیک بە ماددە سڕکەرەکان لە هەموو ئێران و بەتایبەت لە کوردستان

.

.

.

ئەمانە وەک باس کرا تەنیا چەند نموونەیەکن لەو دەیان و سەدان و بگرە هەزاران جینایەتەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا دژ بە نەتەوەکانی ئێران و بێ لەبەرچاوگرتنی پڕەنسیپ و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان و تەنیا لەپێناو ڕاگرتنی باڵانسی هێز و بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پڕ لە نەگبەتی خۆی ئەنجامی داوە و ئەنجامی دەدا کە دەری دەخات ئەوەی بە لایەوە گرینگ نەبووە و نییە، گیانی خەڵک و سەروەری خەڵک و ویستی خەڵکە و ئەوەیکە بەلایەوە بایەخدارە درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆیەتی ئەگەر بەنرخی لەنێوچوونی هەموو ئێران و دانیشتووانەکەی بێت. زۆریش بەلایەوە ئاساییە کە پاش هەر جینایەتێک بە چەواشەکارییەکی وەک ئەوەی کازم سدیقی کردوویەتی ئاو بە ئاگردا بکات.

سەرچاوەی سەرەکی ئەم شێوە بیرکردنەوە و کردارانەی ڕێژیمیش لەڕاستیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە بنەڕەتدا سەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بناغەی مێحوەربوونی خۆی بەرامبەر بە هەموو "کائنات" پێناسەی لە خۆی کردووە کە بە پۆشینی جلکێکی ئایینی ڕەواییەکی ئاسمانیش بە جینایەتەکانی دەبەخشێ کە ئەم تێڕوانینە تەنیا بە تەمەنی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامییەوە نابەسرێتەوە بەڵکوو مێژووەکەی زۆر کۆنتر لەوەیە و ئەگەر بمانهەوێ بەڕوونی قامکی لەسەر دابنین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاش ساسانییەکان و هاتنە ئارای دوو چەمکی ئێران و ئەنیران کە تێیدا ئەوەی باوەڕی بە ئایینی زەردەشتییەتی دەربار هەبێ ئێرانییە و تەواوی ئەوانەی کە سەر بەم ڕێوڕەوەنە نین دەبنە ئەنیران کە وەک نوێنەرانی ئەهرێمەن و ڕەشایی و پیسی دەناسێندرێن! کە لەباری جوغرافیاییەوە تەواوی ناوچەکانی زاگرۆس لەلای ئەوان دەبێتە نوێنەرانی تاریکی.

بەگشتی و لە کۆتاییدا ئەوەیکە وەک کەتوارێک دەبێ لێی بڕوانین ئەوەیە کە بڕیاردەران و بکەرانی جینایەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی وەک چۆن تا ئێستە ئاشکرا نەکراون لە داهاتووشدا وەک هەموو کەیسەکانی پێش لە خۆیان ئاشکرا ناکرێن چونکە ئەوەیکە سپای پاسداران کردوویەتی لە بیاڤی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیزام خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە ئەمەش کارێکی پیرۆزە! بەڵام لەبەر هێورکردنەوەی ڕای گشتی جیهان هەندی دانیشتنی فۆرمالیتە بەناوی دادگا بەڕێوە دەبردرێ و دواجاریش لە گەشبینانەترین حاڵەتدا کەسێک یان کەسانێک بەشێوەی فۆرمالیتە بە تۆمەتبار دەناسێندرێن و کۆتایی بەم کەیسەش دێت و کەیسێکی دیکە دووبارە دەخوڵقێت چونکە لە ئێراندا تەنیا یەک شت گرینگە: "پاراستنی نیزام!"

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.