کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ وڵاتێکی ئورووپایی میوانداریی دامەزراوەی ڕێوشوێنە تایبەتە ماڵییەکان ناکەن

11:10 - 24 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە دڵی بە بەڵێنییەکانی وڵاتە ئورووپایییەکان خۆش کردبوو، ئەو وڵاتانە بە هۆی ترس لە گەمارۆوەکانی ئامریکا لە بەڵێنییەکانیان پاشەکشە دەکەن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە ئورووپا لە هەوڵدایە، کە بە ڕێوشوێنی تایبەت، بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەبێ دۆلار درێژە پێ بدات، بەڵام هیچ وڵاتێکی ئورووپایی لە ترسی گەمارۆوەکانی ئامریکا ناوێرێت میوانداریی لەو دامەزراوەیە بکات.

ئەم هەواڵدەرییە لە زاری شەش دیپلۆماتی ئورووپایی باسی لەوە کردووە، کە ئامادەنەبوونی وڵاتانی ئورووپایی بۆ میوانداریی لە دامەزراوەی ڕێوشوێنە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، پێدەچێت بەرنامەی ئورووپا بۆ پاراستنی بازرگانیی لەگەڵ ئێران پاش گەمارۆوەکان لەرزۆک بکات.

ئەم دیپلۆماتانە هەروەها وتووشیانە: هەنووکە زلهێزەکانی ئورووپا وەکوو بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان گوشاریان خستووەتە سەر وڵاتی چووکەی لۆکزامبۆرگ لە باکووری ئورووپا، هەتا میوانداریی ئەم دامەزراەیە بکات، بەڵام لۆکزامبۆرگ و بلژیک پێش ئوتریش ئەم پێشنیارەیان ڕەت کردووەتەوە.

وڵاتانی ئورووپایی بەنیازن هەتا ڕێوشوێنێکی بازرگانیی وەها پێک بێنن، کە بەبێ دۆلار بازرگانییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران درێژە پێ بدەن و لە بەرانبەر نەوتی هەناردەکراوی ئێران بۆ ئورووپا خواردەمەنیی پێ بدەنەوە.

ئەم هەوڵ و پەلەقاژێیانەی وڵاتانی ئورووپا و ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسانی ئامریکا چەندین جار باسیان لەوە کردووە، کە ڕێژیم چاوەدێریی توندوتۆڵی بەسەر گەمارۆوەکانی خۆی بۆ سەر ڕێژیم هەیە، هەتا ئەو ڕێژیمە ناچار بە دانوستان و وتووێژ بکات و لە کۆتاییدا ئاڵوگۆڕ لە سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی پێک بێنێت.