کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ چەشنە ئازادییەکی ئایینی لە ئێراندا بوونی نییە

11:48 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامریکا لەبارەی ئازادیی ئایینی لە جیهاندا، ڕێژیمی ئێران لە خراپترین ئاستدایە.

ڕۆژی هەینی، ٣١ی جۆزەردان، "مایک پۆمپێئۆ"، ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامریکای لەبارەی ئازادیی ئایین لە جیهاندا بڵاوکردەوە کە تێیدا وڵاتانی: "چین، ڕووسیە، برمە و ئێران"، وەک خراپترین وڵاتەکان لەبارەی ئازدیی ئایینییەوە ناویان هاتووە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لەبارەی سەرکوتکردنی کەمینە ئایینییەکان لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا وتوویەتی: "سەرکوتی بەهاییەکان، مەسیحی و کەمە ئایینییەکانی دیکە لە ئێراندا هێشتا ویژدانەکان ئازار دەدات."

هەروەها "سەم براون"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا، لەبارەی ئازادیی ئایینی لە جیهاندا، لێدوانێکی دا و ڕەخنەی توندی لە ڕێژیمی ئێران گرت و ڕایگەیاند: "ئێران یەکێک لە خراپترین کارنامەکانی لە بواری پێشێلکردنی ئازادییە ئایینییەکانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە. لە وڵاتێکدا کە زۆرێک لە بەهایی، مەسیحی، دەروێش و یەهوودییەکان تەنیا بە هۆی باوەڕەکانیانەوە دەکەونە زیندان، لە چوونە زانکۆ بێبەشن، بێڕێزی بە پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکرێت و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتەکانیشدا سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنن."

لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، بەردەوام هەواڵی دەستبەسەرکردنی کەمینە ئایینییەکان، یاخود دوورخرانەوەیان لە خوێندن، تەنیا بەهۆی بوونی ئایین و باوەڕێکی جیاوازەوە دەبیستین.

کەسانێک کە خاوەنی بیر و باوەڕێکی جیا لە بیر و باوەڕە داسەپێنراوەکانی ڕێژیمی ئیسلامین، لە چوارچێوەی یاساکانی ڕێژیمدا، مافی ژیانیان نییە.