کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ ڕێکخراوێک پشتیوانی لە تووشبووان بە “ALS” ناکات

11:34 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دۆخی تووشبووان بە نەخۆشیی “ALS” لە ئێراندا نالەبارە. تووشبووان بەم نەخۆشییە پێداویستییە پزیشکییەکانیان بە قەرز بە یەکتر دەدەن. هیچ ڕێکخراوێک پشتیوانی لە تووشبووان بە “ALS” ناکات، تێچووی ڕاگرتنی ئەم نەخۆشانە لە مانگدا ٢٠ ملیۆن تمەنە کە ئەم پارەیە دەبێ لەلایەن خۆیانەوە خەرج بکرێت.  

“ALS” ناوی نەخۆشییەکی دەگمەنە کە لە نێوان نەخۆشییە تایبەتەکاندا جێگا دەگرێت. ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی دەماری ناوەندیی مێشک و خانە دەمارییەکانی لەشی مرۆڤ کە لە ماوەی چەند ساڵدا نەخۆشەکە تووشی ئیفلیجی دەکات.

تووشبووان بەم نەخۆشییە ناتوانن پێویستییەکانیان بێننە سەر زمان و جیا لە چاو و مێشکیان هیچ ئەندامێکی دیکەیان توانایی کارکردنی نییە.

تووشبووان بەم نەخۆشییە و دەبیری ئەنجومەنی پشتیوانی لە تووشبووان بە “ALS” دەڵێن کە ئەم نەخۆشییە لە لیستی هیچکام لە ڕێکخراوە پشتیوانەکاندا نییە و پشتگوێ خراوە، هەر بۆیە هەموو تێچووەکانی چارەسەری و پێشگرتن لە گەشەی نەخۆشییەکە لە ئەستۆی نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیاندایە.

جێبەجێکردن، پەرستاری کردن، خۆراکی تایبەت، دەرمانی تایبەت، کەرەستەگەلی جیاوازی پزیشکی و سەردانی بەردەوام بۆ لای پزیشک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشانەن و لانیکەمی تێچووی ڕاگرتنی هەر تووشبوویەک ٢٠ ملیۆن تمەن لە مانگێکدایە.

ئەم نەخۆشییە لە پیاواندا زیاتر لە ژنانە و تەنانەت بۆ کەڵکوەرگرتن لە بیمەی لەکارکەوتنیش دەبێ نزیک بە ساڵ و نیوێک کات تێپەڕ بکەن.

بەهۆی تۆمارنەکرانی ئەم نەخۆشییە لە لیستی نەخۆشییە تایبەتەکاندا، هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی یارمەتیی خێرخوازانە لە خەڵک بێ ئاکام ماوەتەوە.

گرینگینەدانی بەشی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم بە نەخۆشییە تایبەتەکان لە دۆخی ئابووریی ئێستای ئێراندا و پۆلێنبەندی نەکردنی نەخۆشییە دەگمەنەکان لە لیستی نەخۆشییە تایبەتەکاندا کە پێویستیان بە پشتیوانیی پزیشکی و دەرمانی هەیە لە گرینگترین کێشەکانی تووشبووان بە نەخۆشییە دەگمەنەکانن.