کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر مەئمووران و بەرپرسانی ڕێژیم لە سەرتاسەری ئێران زیادی کردووە

17:42 - 4 خەزەڵوەر 2721

لە درێژەی زوڵم و زۆری سیستم و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خەڵکی مەدەنی لە زۆر شوێن هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەو ڕێژیمە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەر، دوو ماتۆڕسواری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر "هادی ڕەزازادە" بەرپرسی بەسیجی خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکیی "تاران".

لەو هێرشەدا کە دیار نییە چەند کەس بوون، "ڕەزا زادە"یان کوتاوە و مۆبایلی تاکەکەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لەو پەیوەندییەدا "موجتەبا تەوانگەر" بەناو نوێنەری خەڵکی "تاران" لە مەجلیسی ڕێژیم، داوای لە هێزەکانی ئینتیزامیی و ئەمنییەتیی کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن.

هەروەها لە شارێکی پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" پلەدارێکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم بە ناوی "ئەسغەر نەورۆزی" لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراوە و سێ پلەداری دیکەش بریندار کراون.

سەرەڕای قەیرانی ئابووری و دەیان کێشەی دیکە کە باری دەروونیی خەڵکی کوردستان و ئێرانی تێک داوە، مەئمووران و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەست و سۆز و بەزەییەکیان بۆ خەڵک نییە و ئەمە وای کردووە کە خەڵک بە دژی ئەو ڕێژیمە بۆ داکۆکی لە ماف و کەرامەتیان چەک هەڵبگرن.