کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر ناوچەی "پارچینـ"ـی تاران لە نێوخۆی ئێران و بە دڕۆنەوە کراوە

17:52 - 7 جۆزەردان 2722

ڕۆژی هەینی ٦ی جۆزەردانی ١٤٠١، ڕۆژنامەی " نیۆیۆرک تایمز" لە زمانی سێ کەسی ئێرانی و بەرپرسێکی ئامریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە تەقینەوەی حەوتووی ڕابردوو لە ناوچەی "پارچینـ"ـی شاری تاران بەهۆی دڕۆنێکەوە بووە کە لە نێوخۆی ئێرانەوە ڕەوانە کراوە.

ئەو هەواڵدەرییە ڕایگەیاندووە کە تەقینەوەی حەوتووی ڕابردووی کۆگای نیزامیی "پارچین" بەهۆی چەند دڕۆنەوە بووە کە هەر لەنێو ئێرانەوە بەرەو شوێنی مەبەست ڕەوانە کراوە.

هەواڵدەریی "نیۆیۆرک تایمز" هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە بەپێی ئەوەی ئەو دڕۆنانە دوورمەودا نافڕن و ناوچەی "پارچین" مەودایەکی زۆری لەگەڵ سنوورەکان هەیە، ئەو هێرشە لە شوێنێکی نزیک لە ناوچەی "پارچینـ"ـەوە کرابوون.

تەقینەوەی کۆگای نیزامیی "پارچین" تەنیا چەند ڕۆژ دوای کوژرانی "حەسەن سەیاد خودایی" پاسدارێکی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕووی دا کە ئەو هێرشەش درایە پاڵ ئیسرائیل.

بەرپرسێکی باڵای نیزامیی ئیسرائیل بە "نیۆیۆرک تایمز"ی ڕاگەیاند کە ئیسرائیل بۆ دیتنەوە و لێدانی بنکە فڕۆکەوانییەکانی ڕێژیمی ئێران تێچوویەکی زۆری سەرف کردووە.