کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر ئوتووبووسی بەناو سنوورپارێزانی سپا لە سیستان و بەلووچستان، زیاتر لە ٢٠ کوژاروی لێ کەوتەوە

11:27 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە هێرشێکدا بۆ سەر ئوتووبووسێکی سپای پاسداران، لە ڕێگای خاش ـ زاهێداندا، زیاتر لە ٢٠ پاسداری ڕیژیم کوژران؛ کە بەپێی ڕاپۆرتی قەرارگای قودس ئەم ئوتووبووسە ٤٠ پاسداری تێدا بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان، ئوتووبووسێکی سەر بە سپای پاسداران، کەوتووەتە بەر هێرشێکی تەقینەوە و لە ئاکامدا زیاتر لە ٢٠ پاسدار کوژراون.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەم هێرشەی پشتڕاست کردووە و ڕایگەیاندووە، که ئەم کارە لە ڕێگەی ماشینێکی پڕ لە مادەی تەقینەوە ڕووی داوە. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە پێرسۆنێلی سپا لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتوونەتە بەر ئەم هێرشە.

بەرپرسی پێوەندییەکانی قەرارگای قودس باسی لە ڕاگواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە کردووە، بەڵام لە ئاماری کوژراوان هیچ زانیارییەکی نەخستووەتە ڕوو.

هەروەها محەممەدعەلی مووهێبەتی، پارێزگاری سیستان و بەلووچستان وتوویەتی: بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، لەم ڕووداوەدا، تاکوو ئێستا ٢٧ کەس کوژراون و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس، گرووپی "جیش العدل" به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بەفەرمی بەرپرسایەتیی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆی خۆیەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی ڕێژیم، به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەم هێرشەی لە لایەن سرویسە ئیتلاعاتییەکانی سەر به نیزامی ئێستێکبار و لە ئاکامی شکستی ئێستکباری جیهانی پاش ڕێپێوانی ٢٢ی بەهمەن زانیوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پارێزگاری سیستان و بەلووچستان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە، سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاندووە.