کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا و گیانگرتنەوەی تێرۆریستەکان

17:18 - 20 رەزبەر 2719

بێهزاد قادری

هێرشی نیزامیی ئەرتشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، شەپۆلگەلێک لە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی دەرەکی و نێوخۆیی لێکەوتووەتەوە. کوردەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان و لە هەموو جیهاندا زۆر تووڕەن و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش وەدەنگ هاتووە. کوردەکان لە ژینۆسایدی دووبارەی کوردان تووڕەن و هەڵوێستیان گرتووە، کۆمەڵگای نێونەتەوەییش لە کوژرانی خەڵکی سڤیل و ئاوارەبوونی خەڵک نیگەرانن و لە لایەکی ترەوە لە بەهێزبوونی گرووپە تێرۆریستییەکان، بەتایبەت داعش لە ناوچەکەدا، ترسیان هەیە.

ئۆپراسیۆنی تورکیە، دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەسەر چوونە دەرەوەی هێزی ئەو وڵاتە لە کوردستانی ڕۆژئاوا، دەستی پێکرد. لە لایەکیشەوە، ئامریکا بەهێزبوونەوەی داعش لە سێبەری ئەم هێرشانەی وەک هێڵی سووری خۆی ڕاگەیاندووە. ئەوەش ڕوونە کە ئەم هێرشانە بەدڵنیاییەوە خوێنی تازە بە دەمارەکانی گرووپە تێرۆریستییەکان، لەوانە داعش دەبەخشێت و دەبێ چاوەڕوانی سەرهەڵدانەوەیان بین، واتە لەم کارەساتەی ئێستا، وادیارە کە کارەساتی گەورەتر دەخولقێت.

سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونی داعش، ترسی لە دڵی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چاندووە و هەندێک لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانیان باسیان لەوە کردووە کە هێرشی گرووپە سەلەفییە تێرۆریستەکان بۆ سەر هێزە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا، ئەگەری ئەوەی هەیە کە ببێتە هۆی ئازادبوونی هەزاران زیندانیی داعشی لە زیندانەکانی کوردەکاندا و ئەمە واتە، هەڕەشەی داعش لە ئارادایە.

هەروەها ئەم ڕاگەیەندراوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاش بڕیاری ئەردۆغان بۆ سەر خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا، دەیان تێرۆریست لە شاری ڕەقە لە سووریەدا، واتە هەمان پێتەختی پێشووی داعش کە لە لایەن کوردەکانەوە لەژێر چنگیان دەرهێنرا، هەڵیانکوتاوەتە سەر مەقەڕی هێزە کوردییەکان و ویستوویانە ئەو مەقەڕە داگیر بکەن، بەڵام وێڕای ئەو هەوڵانە و چەندین هەوڵی خۆتەقاندنەوە، هێرشەکەیان نەزۆک ماوەتەوە و شکستیان خواردووە. ئەمانە واتە، ئەو هێرشانەی تورکیە بۆ سەر خاکی کوردستان، ڕێگە بۆ چالاکیی تێرۆریستان خۆش دەکاتەوە و لە ڕاستیدا ئۆپراسیۆنی "کانیی ئاشتی"، تەنیا پاڵنەرێکە بۆ جووڵەی زیاتری تێرۆریستان.

لە شوێنگەلێکی وەکوو ڕەقە و ئەو شوێنانەی کە لە دەستی هێزە کوردییەکانە و لە سنووری ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان دوورە، چاوەڕوانیی وەها هێرشگەلێک دەکرێت و بەدڵنیاییەوە پەرەدەستێنێت، چونکە هێزە کوردییەکان بۆ بەرگری لە پێشڕەویی تورکیە و گرووپە تێرۆریستییەکانی، پێویستی بە هێز هەیە و هێزەکانی لەو شوێنانەدا کە ئاماژەم پێکرد، کەم دەکاتەوە و ئەمە واتە لاوازبوونی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە و خۆدەرخستنی تێرۆریستەکان کە خۆیان بۆ وەها دەرفەتگەلێک ئامادە کردبوو.

وەها بارودۆخێک کە تورکیە سەرقاڵی شکڵدان پێیەتی، ڕێگا بۆ ڕاگەیاندنی دووبارەی خەلافەتی داعش خۆش دەکات؛ چونکە هەزاران شەڕکەری جیهادی دەتوانن لە زیندانەکان هەڵبێن و لەگەڵ بنەماڵەکانیان کە چەندین بەرابەری خۆیانە، هێزەکانیان ڕێک بخەنەوە. یان ئەو ئەگەرەیش هەیە کە ئەم کەسانە، تێکەڵ لەگەڵ پەنابەرانی دیکە، ڕەوانەی ئورووپا بکرێن.

بنەماڵەی ئەم داعشیانە هەر ئەوانەن کە ئورووپاییەکان تەنانەت خۆیان لە دادگاییکردنیان دەدزنەوە و ناوێرن ڕەوانەی زیندانەکانی خۆیان بکەن و کوردەکانیان کردوون بە زیندانوانیان. تەنانەت هەندێک لەم زیندانیانە لە دەستی تورکەکانن و تورکیەش لەم بوارەدا زۆر بڕوای پێ ناکرێت! بەڵگەکانی پێشووش لەبەر دەستدایە کە داعش چۆن پێشتر لە خاکی تورکیە کەڵکیان وەرگرتووە یان نەخۆشخانەکانی تورکیە چۆن تێرۆریستە بریندارەکانیان تیمار کردووە و... و...

لە لایەکی تریشەوە هەر یەکێک لەم زیندانانە لە قامیشلۆ کە داعشییەکانی تێدا زیندان کراوە، لە لایەن تورکیەوە وێران کراوە. هێزە کوردییەکانیش لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە لەم زیندانەدا، لە ٦٠ نەتەوەی جیهان، جیهادیی تێدایە! هەموو ئەمانە باس لە گیانگرتنەوەی تێرۆریستەکان دەکات.

گیانگرتنەوەی ئەم تێرۆریستانە بە بوونی ١٨ هەزار داعشیی چالاک لە سووریە و عێراقدا، زۆر ئاسانە و تەنیا ڕێگایەک کە بوونی هەیە هەتاکوو خوێنی تازە نەچێتە دەماری تێرۆریستەکانەوە، ڕاگرتنی هێرشی ئەرتشی تورکیە بۆ سەر کوردستانە، هێرشێک کە تەنیا مەترسیی بۆ کوردان نییە، بەڵکوو مەترسیی بۆ سەر هەموو جیهان هەیە، بەڵام بەداخەوە وەک هەمیشە، کوردان لە یەکەمین قوربانییانن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.