
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بۆ جاری سێهەم چوار مووشەکی کاتیۆشای ١٠٧ میلیم ئاراستەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناوچەی چەمچەماڵی هەرێمی کوردستان کران.
"سدیق محەممەد" بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم هەواڵی مووشەکبارانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی کە ئەو مووشەکانە لەلای ڕۆژهەڵاتی کێڵگەکەوە هاوێژراون و لە مەودای پێنجسەد میتریی کێڵگەکە و لە گوندی "مامیسک" کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادیی بە دواوە نەبووە.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە دوای هێرشەکە، هێزە ئەمنی و پۆلیسییەکان لە ناوچەکەدا لێکۆڵینەوەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هێرشەکە لە دە کیلۆمیتریی ئەو شوێنەوە کراوە.
ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەندێک بۆشایی ئەمنی هەیە و لەو ناوچەیە هێزە عێراقییەکان جووڵەیان پێ کراوە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە پێشگیرییان لە هەر جۆرە پێشڕەوییەک کردووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ "د. بەرهەم ساڵح" سەرکۆماری عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "هێرشەکانی سەر کێڵگەی نەوت و گازی کۆرمۆر و شوێنەکانی دیکە، ئاسایش و ئەمنییەتی وڵات تێک دەدات و پێویستە بەرامبەر بەو هەوڵە تاوانکارەیە بووەستینەوە".
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا دوو جاری دیکە کێڵگەی گازی کۆرمۆر و چەندین شوێنی دیکە لە چەمچەماڵ هێرشی مووشەکییان کرابووە سەر.