کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش کرایە سەر بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران

12:02 - 14 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: کۆگایەکی چەکوچۆڵی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سوورییە کرایە ئامانجی فڕۆکە نەناسراو.

تلویزیۆنی "ئەلعەرەبییە"، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی سەرماوەز، بڵاوی کردووەتەوە، کۆگایەکی چەکوچۆڵی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە، لە دەوروبەری فرۆکەخانەیەک، لە نزیکیی شاری "ئەلبووکەمال"، لە سنووری نێوان عێراق و سوورییە دابووە هێرشی کراوەتە سەر.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەو میلیشیا چەکدارە شیعانەی کە لە لایەن ڕێژیمی ئیرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، چەندین جار هێرشیان کرایە سەر کە، زۆر جار بکەری ئەو هێرشانە بە "ئیسراییل" دەزانرا.

مانگی خەرمانانی ڕابردوو، ئەرتەشی ئیسراییل ڕایگەیاندبوو ، شیعەکانی ژیر فەرماندەریی تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەوڵیان دابوو چەند مووشەک لە ئیسراییل بدەن کە سەرکەوتوو نەببوو.

ئەوە بۆ چەندەمین جارە کە بنکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە، هێرشی دەکرێتە سەر و لە ناو دەبرێت.