کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات گرژیی تێکەوت

13:44 - 30 بانەمەڕ 2721

لە دوای ئەوەیکە پەنابەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەردەم UN بەنیسبەت وڵامنەدانەوە بە ویست و داخوازییەکانیان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد، گرژی دروست بوو.

خۆپیشاندەران بەهۆی ئەوەیکە داوایان کردبوو لەگەڵ بەرپرسانی UN چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس لەبەردەم UN تووشی گرژی بوون.

هێزەکانی پۆلیس بە باتووم پێشیان بە پەنابەران گرت.

خۆپیشاندەران دوای مافی سیاسیی خۆیان دەکەن و کردووە بەڵام لەلایەن بەرپرسانی UN وڵامیان نادرێتەوە.

ئەو خۆپیشاندانە بۆ ئەوە بەڕێوە چووە کە دوو پەنابەری سیاسی لە بەردەم UN بۆ گەیشتن بە مافەکانیان مانیان گرتبوو بەڵام بەهۆی ئەوەیکە وڵامیان نەدرابووە یەکێکیان ئاگری لەخۆی بەردا.

ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ دوو پەنابەری سیاسیی کورد بە ناوەکانی "بێهزاد (محەممەد) مەحموودی" خەڵکی بۆکان و "فەردین گرامی" خەڵكی نەغەدە لەبەردەم دەفتەری نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر مانیان گرتبوو.

لەو مانگرتنەدا "بێهزاد مەحموودی" بەهۆی ئەوەیکە وڵامی داواکارییەکانی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیە نەدرابوویەوە، ئاگری لەخۆی بەردا.

ئەو دوو پەنابەرە سیاسییە لەبەردەم دەفتەری نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بەهۆی ئەوەیکە وڵامی داواکارییەکانیان نەدرابوویەوە، دەستیان دابووە مانگرتن و بە هەواڵنێرانیان وتبوو وڵامیان نەدراوەتەوە.

"بێهزاد" دوای ئەوەیکە ئاگر لەخۆی بەردەدات تووشی سووتاوی بە ڕێژەی ٩٠ لەسەد دەبێت و بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسیی هەولێر ڕادەگوازرێت.

دۆخی جەستەیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.

"بێهزاد مەحموودی و فەردین گرامی" ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانن.