کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش کرایە سەر میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنووری عێراق و سووریە

11:12 - 6 رەزبەر 2721

شەوی دووشەممە ٥ی ڕەزبەر، فڕۆکەیەکی نەناسراو پایەگایەکی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە پارێزگای ''دەیرەزۆر''ی سووریە لە نزیک سنووری عێراق کردە ئامانج؛ شوێنێک کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەوێ حوزووری نیزامیی خۆی پەرە پێداوە.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە زاری سەرچاوە نیزامییەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە باسی لەوە کردووە کە ئەو هێرشە لە باشووری شارەکی ''مەدائێن'' لە نزیک ڕووباری فەرات ڕووی داوە.

دوو کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە، دوای چەندین تەقینەوە کە دەنگیان بیسترا، ئامبوڵانەسەکان لە حاڵی ڕۆیشتن بۆ شوێنی تەقینەوەکە بوون.

دانیشتووانی شارەکی ''مەدائێن'' بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"یان وتووە: ''میلیشیاکان زۆر بە پەشۆکاوی داوایان لە خەڵک دەکرد کە ناوەندی شار و شەقامەکانی دەوروبەری چۆڵ بکەن".

میدیاکانی سووریە کە پێشتر جێگیربوونی هەزاران میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە ڕەت دەکردەوە، هەتا ئێستا لەبارەی ئەو هێرشەوە باسیان لە هیچ نەکردووە.

ئیسرائیل کە لە پەرەگرتنی دزە و حوزووری نیزامیی ئێران لە سووریە نیگەرانە، باسی لەوە کردووە کە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی ڕێژیم، هەتا ئێستا سەدان هێرشی لە سووریە ئەنجام داوە.