کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا

10:45 - 19 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: یەک ڕۆژ پاش هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئامریکا لە عێراق، ناوچەی سەوزی بەغدا کرایە ئامانجی هێرشی کاتیۆشا.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، ناوچەی سەوزی بەغدا کە شوێنی جێگیربوونی باڵوێزخانەی وڵاتان و وەزارەتخانەکانی عێراقە، کرایە ئامانجی هێرشی کاتیۆشا و ئەو هێرشە هیچ زیانێکی بە دواوە نەبووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لانیکەم دوو کاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغدای داوە کە پاش ئەو هێرشە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەیان بە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بە وتەی پۆلیسی بەغدا، یەک لەو ڕاکێتانە لە مەودای ١٠٠ میتریی باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو باڵوێزخانەی ئامریکا بوو بە ئامانجی هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی کە گرووپێکی میلیشیای چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێرانە.