کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش کرایەوە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا

12:21 - 9 خەرمانان 2720

ناوچەی سەوزی بەغدا کە شوێنی جێگیربوونی باڵوێزخانەی وڵاتان و وەزارەتخانەکانی عێراقە، بۆ جارێکی دیکە بە کاتیۆشا هێرشی کرایەوە سەر.

بەپێی سەرچاوەکان، پایەگای نیزامیی باڵوێزخانەی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە ٤ مووشەکی کاتیۆشا کراوەتە ئامانج؛ ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبووە.

هەروەها لە کاتی تێپەڕینی کاروانێکی نیزامیی ئامریکا لەنێوان شارەکانی ''حەلە و دیوانییە'' لە باشووری عێراق، بۆمبێکی چێندراو تەقییەوە.

پێشتر سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕۆژی هەینی باسیان لەوە کردبوو کە بە ٣ مووشەکی کاتیۆشا ناوچەی سەوز لە بەغدا کرایە ئامانج.

ناوچەی سەوزی بەغدا کە شوێنی جێگیربوونی باڵوێزخانەی وڵاتان و هەروەها ناوەندە حکومەتییەکانی عێراقە، بەتوندی پارێزگاریی لێ دەکرێت و لە ئۆکتۆبری ٢٠١٩ـەوە هەتا ئێستا دەیان جار هێرشی ڕاکێتیی کراوەتە سەر.

مووشک هاوێژییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کاتی کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە دوو بەرابەر بووەتەوە.