کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکان

13:48 - 7 پووشپەڕ 2720

بەکرێگیراوان و مۆرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، هەڕەشە له‌ بنەماڵەی پێشمەرگەکان ده‌كه‌ن و بە چەک هێرش دەکەنە سەر بنه‌ماڵه‌كانیان.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە مه‌هاباد، له‌ چوارڕێیانی ئازادی لە کۆڵانی "خوسرەوی"، سێ چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "ئەحمەد ئاقایی"، بنەماڵەی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

کوڕێکی بنەماڵەی "ئەحمەد ئاقایی" بە ناوی "کاوەیس ئاقایی" ماوەی سێ ساڵە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە.

ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیمی ئێران جیا لەوەیکە بە چەک هێرش دەکەنە سەر ماڵی "ئەحمەد ئاقایی" و دەسڕێژ لە خانووه‌كه‌یان كردووه‌، سووكایه‌تیشیان بە ئەندامانی بنەماڵەکەی كردووه‌.

بە خۆشییەوە هیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵەی "ئەحمەد ئاقایی" بریندار نەبوون، بەڵام زەرەری ماددیی زۆر بەر خانووەکەیان کەوتووە .

بنەماڵەی "ئاقایی" یەکێک لە بنەماڵە خۆشناو و نیشتمانپەروەرەکانی مهابادن و هیچ كێشەیەکی تایبەتیان لەگەڵ کەس نییە و هەموو کات جێگای ڕێزی خەڵکی مهابادن .

پاش ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان، کچێکی کاک "ئەحمەد" بە ناوی "ڕووناک ئاقایی" بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەلایەن تێرۆریستانی ئێرانەوه خرایە زیندانەوە.