
پاش ئەوەی کە "حوسییەکانـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی "ئەبوزەبیـ"ـیان وەئەستۆ گرت، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان وەکوو "ئامریکا، بریتانیا، ئیسرائیل و عەرەبستان" و هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم هێرشانەیان بە "تێرۆریستی" ناساند و بە توندی ئیدانەیان کرد.
لە ڕەوتی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە "حوسییەکانـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران وەئەستۆیان گرت، وەزارەتەکانی دەرەوەی "ئامریکا، بریتانیا و ئیسرائیل" و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها وەلیعەهدی عەرەبستان، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕاگەیاند و سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەم کردەوە "تێرۆریستییە" کرد.
لەلایەکی ترەوە "حوسییەکان" وێڕای ناوبردنی ئەم کردەوە "تێرۆریستییانە" بە "عەمەلیاتی نیزامیی گەورە"، دیسان هەڕەشەیان کرد کە درێژە بە کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیان دەدەن.