کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبری و ئەگەری ڕاپەڕین

10:06 - 8 خەزەڵوەر 2721

زاگرۆس

خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران خەزەڵوەری ساڵی ۹٨ بە بیانووی گرانبوونی ۳۰۰ لەسەدیی نرخی بێنزین لە هەمبەر تەواویەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ڕاپەڕین و خوازیاری لەنێوچوونی گشتییەتی ئەم سیستمە بوون. لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڕندانەترین شێواز ئەم ڕاپەڕینەیان سەرکوت کرد و لەماوەی ۳ ڕۆژدا زیاتر لە ۱٥۰۰ کەسیان لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتەکەیاندا کوشت.

۲ ساڵ پاش ئەم ڕووداوانە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەر پێگەی "نوورنیوز" نزیک لە دەبیرخانەی شورای باڵای تەناهیی نەتەوەیی ڕایگەیاند بەهۆی هێرشی سایبێریەوە بۆ سەر سیستمی زیرەکی دابەشکردنی بێنزین لە پۆمپی بێنزینەکان دابەشکردنی بێنزین تووشی کێشە بووە.

پۆمپی بێنزینەکان لە سەرانسەری ئێراندا لە کاتژمێر ۱۰ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممەوە تووشی کێشە بوون و بەم هۆیەوە سەرەی دوورودرێژی بێنزین لە بێنزین‌‌خانەکاندا درووست بووە و تا هەنووکەش و دوو ڕۆژ پاش ئەو ڕووداوە هێشتا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر نەکراوە.

 سەرەتا کە دەیانویست حاشا لە هێرشی سایبێری بکەن، پاش ماوەیەکی کەم هەواڵدەریی "ئیسنا"یان ناچار کرد ئەم هەواڵە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی بسڕێتەوە. بەڵام کاتێک بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕاستییە گەیشتن کە قەبارەی هێرشەکە زۆر لەوە مەزنترە توانای شاردنەوەیان ببێت، بە فەرمی دەبیری شورای باڵای فەزای مەجازی ڕایگەیاند هێرشی سایبێری لە وڵاتێکی دەرەکییەوە کراوەتە سەر پۆمپی بێنزینەکان و ۴۳۰۰ پێگەی دابەشکردنی بێنزین لە سەراسەری وڵاتدا تووشی کێشە بوون.

 هەر لەم پێوەندییە‌دا "نێد پرایس" وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێرێکدا کە ئاخۆ ئامریکا ئاگاداری هێرشی سایبێری بۆ سەر سیستمی سووتەمەنیی ئێران بوە، وتی من وڵامێکم بۆ پرسییارەکەی ئێوە لەلا نییە.

 بەهۆی ترسی دووبارە ڕاپەڕینی خەڵک لە هەموو جمگەکانی دەسەڵاتدا بە ڕوونی خۆی دەنوێنێت، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی ئەوەی دا، خەڵک دڵنیا کاتەوە ئەم کێشەیە نابێتە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکان و وتەبێژی شرکەتی نەوت، ڕایگەیاند نرخی بێنزین بە هیچ چەشنێک گران نابێ و لە هەوڵداین تا کێشەی تکنیکیی سیستمی سووتەمەنی خێراتر چارەسەر کەین. وەزیری نەوتیش ئەم قسانەی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند هیچ پلانێکمان بۆ گرانکردنی بێنزین لە ئێستادا لەبار دەستدا نییە.

شارەزایانی زانستی ئابووری لەسەر ئەو باوڕەن کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچارە نرخی بێنزین زیاد بکات چون لە ساڵدا بڕە پارەیەک لە نێوان ۵ بۆ ۱۰ میلیارد دۆلار سوبسیدی بێنزین دەدات و ئەم بڕە پارەیەش ئابووریەکی داماو و گەندەڵ لە درێژماوەدا ناتوانێ دابینی بکات. هەر بۆیە تەنیا ترس لە ڕاپەڕینی خەڵکە کە کاتی گرانکردنی بێنزین دەخاتە دواوە.

خوێندنەوەی شارەزایانی سیاسی بۆ  ئەم ڕووداوە بە سێ چەشنه:

یەکەم، زۆرینەی لێکۆڵەران پێیان وایە کە ئەمە هێرشێکی سایبێرییە لەلایان ئیسرائیلەوە بۆ لێدانی زەربە لە ئابووریی دەسەڵاتی ئاخوندەکان تا بتوانێ ناچار بە دانووستاندنیان بکات لەسەر پرسی ناوکی و ملدان بە داخوازییەکانیان.

دووهەم، دەستەیەکیش لە شارەزایان پێیان وایە ئەمە کاری خودی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ ئەوەی تاقی کاتەوە کە ئەگەر سوبسید لەسەر بێنزین لابەرێت دژ کردنەوەی کۆمەڵگه چۆن دەبێت و هەر بەم هۆیەشەوە بە بیانووی بەرگرتن لە هێرشی هاوشێوە زیاتر ئینترنت کۆنترۆڵ بکات هەنگاوەکانی بەرەو گەڵاڵەی بەناوی ئینترنتی نەتەوەیی، دابڕانی خەڵکی ئێران بە هاوشێوەی کورەی باکوور خێراتر بکات.

سێهەم، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم هێرشە لەلایەن خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و هەندێک لە لایانە سیاسییەکان پێک هاتبێ بۆ هەڵگیڕسانەوەی ڕاپەڕینێکی سەر شەقام دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەگەر هەر کام لەم گریمانەیانە ڕاست بێت هیچ لە بایەخی ئەو کەتوارە کەم ناکاتەوە کە بەشێکی گەوڕەی شەڕەکانی داهاتوو، شەڕی سایبێرییە و ڕاسان وەک خەباتی نوێ و پێشەنگ و داهێنەر لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەمایەسی هێزێکی سایبێریی بەهێزی پێوە دیارە و لە داهاتوودا هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئەم هێزە هاوتەریب لەگەڵ ڕەهەندەکانی دیکەی خەبات، دەبێت گرینگیی زیاتری پێ بدرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.