کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبێری کرایە سەر ماڵپەڕەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران

11:32 - 24 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە هێرشی سایبێری کرایە سەر ژمارەیەک لە ماڵپەڕە ئینتێرنێتییەکان و هەروەها ماڵپەڕی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران.

وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پیشانی دەدات کە لەو ماڵپەڕانە، وێنەی ''مریەم و مەسعوود ڕەجەوی'' لە ڕێبەرانی ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵق، وێڕای دروشمی ''نەمان بۆ خامنەیی'' بڵاو بووەتەوە.

ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵق هێرشی سایبێری بۆ سەر ماڵپەڕەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەواڵدەریی ''ئیسنا''ی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، سەبارەت بەو هێرشە سایبێرییە نووسیبووی، ماڵپەڕەکانی ئەو وەزارەتخانە بۆ ماوەیەک لەبەر دەستدا نەمان و چەندین وێنە لە موجاهیدنی خەڵق بڵاو کرایەوە.

"ئیسنا" نووسیویەتی کە سەرەڕای پەیوەندیگرتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وەزارتخانەیە، وڵامێکیان لەو بارەوە نەداوەتەوە.

ئەو هێرشە سایبێرییە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان گرووپی ''عەداڵەتی عەلی'' چەند کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی ڕێژیمی ئێرانی هەک کردبوو.