کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی بۆ سەر پایگایەکی هەوایی لە عێراق کە هێزەکانی ئامریکا تێیدا جێگیرن، ٥ برینداری لێکەوتەوە

12:33 - 30 خاکەلێوه 2721

پایگای هەوایی ''ئەلبەلەد'' لە عێراق کە هێزەکانی ئامریکا تێیدا جێگیر بوونە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوە هێرشێکی ڕاکێتیی کرایە سەر و بەو هۆیەوە دوو پەیمانکاری بیانی و سێ سەربازی عێراقی بریندار بوون.

هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەیان وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران پێشتر دەیان جار هێرشی لەو جۆرەیان ئەنجام داوە و بەرپرسیاریەتییەکەیان وەئەستۆ گرتووە.

پایگای هەوایی ''ئەلبەلەد'' شوێنی جێگیربوونی فڕۆکەکانی ئێف ١٦ و چەندین شیرکەتی تەعمیراتی لە باکووری بەغدایە و پێرسۆنێلی عێراقی و بیانی تێدا کار دەکەن.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تەیار بە کەرەستەی تەقینەوە لە فڕۆکەخانەی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کە هێزەکانی ئامریکا لەوێدا جێگیرن کەوتە خوارەوە. ئەو هێرشە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتبووەوە.