کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆنسولگەری ئامریکا لە هەولێر لە ئێرانەوە بووە

10:54 - 22 رەشەمه 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ١٤ مووشەک کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو بووەتەوە ئەو مووشەکانە کە لە جۆری''فاتێح ١١٠'' بەرهەمی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێرانن کە لە کرماشان و تەورێزەوە ڕەوانەی هەولێر کراون.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، بەهۆی ئەو هێرشە زۆرێک لە بیناکانی نزیک بە شوێنی بەرکەوتنی مووشەکەکان یەک لەوان بینای کاناڵی ''کوردستان ٢٤'' زیانیان پێ گەیشتووە.

هەتا ئێستا بەفەرمی هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتووە.

هەواڵدەریی ''فاکس نیوز'' لە زاری بەرپرسێکی ئامریکایی باسی لەوە کردووە کە ئەو مووشەکانە لە ئێرانەوە بەرەو کۆنسولخانەی ئامریکا هاویشتراون، بەڵام هیچ یەک لە مووشەکەکان وەبەر بینای کۆسولخانەکە نەکەوتوون.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەو هێرشە مووشەکییە زیانی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەو هێرشە مووشەکییە لە حاڵێکدا بووە کە ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سووریە، دوو ئەندامی سپای پاسداران کوژرابوون و سپای پاسدارانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردبوو.