سپای تێرۆریستی پاسداران لە دووەمین ڕۆژی هێرشی تۆپخانەیی بۆ سەر بەرزاییەکانی "ئالانە" لە خاکی هەرێمی کوردستان، بە بەکارهێنانی چەکی قورس و "مووشەک" بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کردووەتە ئامانج.
سپای تێرۆریستی پاسداران لەو هێرشەدا بە چەکی قورس وەک "تۆپ، کاتیۆشا، خومپارە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاویشتنی مووشەک لە سەکۆ مووشەکییەکانەوە" کەڵکی وەرگرتووە.
هەواڵدێری سپای تێرۆریستی پاسداران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، باسی لە مووشەکباران کردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کردووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند: "بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی مووشەکی".
بە وتەی "کاوە بەهرامی"، لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە و پێشمەرگەکانی کوردستان هەموویان ساغ و تەندروستن، بەڵام لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ژینگەی ئەو ناوچەیە زیانێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ڕێژەیەکی زۆر چەکوچۆڵی قورس و پێشکەوتوو لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان کراوە.
سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕۆژی ڕابردووەوە تۆپباران و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دەست پێکردووە.