کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، دژکردەوەی ئامریکای لێکەوتەوە

16:56 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، لەهەمبەر هێرشی ڕووسیە بۆسەر کەشتییەکانی ئۆکراین دژکردەوەیان نیشان دا و پشتیوانی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئۆکراین دەربڕی.

نیکی هیلی باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی شۆرای ئەمنیەت کە لەسەر داخوازی ڕووسیە بەڕێوە چوو بوو، ڕایگەیاند: واشینگتۆن و هاوپەیمانەکانی بەرنامەی کاری ڕووسیە قبووڵ ناکەن؛ وتیشی: ئێمە بەتەواوی مانا پشتگیری لە مافی حاکمیەتی ئۆکراین و تەواویەتی ئەرزی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی سنوورە بەفەرمی ناسراوەکان دەکەین.

بەوتەی نیکی هیلی ئەوەیکە ڕووسیە بەرامبەر بە ئۆکراین کردوویەتی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و بۆ بردنەسەری ڕێژەی ئاڵۆزییەکانە؛ ڕوو لە ئەندامانی شۆراش ڕایگەیاند کە دەبێ دەنگی نەرێنی بە بەرنامەی کاریی ڕووسیە بدرێت کە پاش خستنە دەنگدانەوە لەلایەن ڕووسیە دەنگی نەهێنایەوە.

هاوکات مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە هێرشی ڕووسیە، ئەم کردەوەیەیان مەحکووم کرد و داوای لە ڕووسیە کرد تاکوو کەشتییە ئۆکراینییەکان ئازاد بکەن؛ ناوبراو ئەم هەنگاوەی ڕوسیەی بە هەوڵێک لەمەڕ زیاترکردنی ئاڵۆزییەکان و مەترسییەکی مەزن و پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان ناوزەد کرد.

ئەم دژکردەوانەی ئامریکا هاوکات بوون لەگەڵ دانیشتنی نهێنی پارلمانی ئۆکراین و دەرکردنی بڕیاری ئامادەباشی سەربازی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ کە لەلایەن سەرکۆماری ئۆکراینەوە واژۆ کرا و دەسبەجێ لەلایەن کۆمیتەی داکۆکی و ئەمنیەتی نیشتمانی ئەم وڵاتەوە دەنگی پێدرا.