
ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمە بە دوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین زۆربەی وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان بەرامبەر بەو هێرشە نیشان دا و مەحکوومیان کرد.
دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراینی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند، ئەو کارەی ڕووسیە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و قەبووڵ ناکرێت.
بەرپرسانی قەتەر داوایان لە هەر دوو وڵاتی ڕووسیە و ئۆکراین کرد کە کێشەکانیان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکەن.
عەرەبستان داوای لە هاووڵاتییانی خۆی لە ئۆکراین کرد کە لە زووترین کاتدا خۆیان بگەیەننە باڵوێزخانەی عەرەبستان لەو وڵاتە.
وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی گەشتی فڕۆکەوانیی خۆیان بۆ ئۆکراین بۆ ماوەی کاتی ڕاگرتووە.
وڵاتانی ئورووپایی و بە تایبەت ئامریکا هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراینیان مەحکووم کرد و هەڕەشەی گەمارۆی ئابووریی زیاتریان بۆ سەر ئەو وڵاتە کرد.
هەروەها لە زۆربەی وڵاتان کاردانەوەی خەڵکی لێ کەوتەوە و لە هەندێک وڵات خەڵک بە وەڕێخستنی کەمپەین پشتیوانییان لە خەڵکی ئۆکراین کرد و داوای ڕاگرتنی هەڵمەتی داگیرکاریی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراینیان کرد.