کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین گەیشتە سیهەمین ڕۆژی خۆی و پێشڕەوییەکانی ئەو وڵاتە هەروا بەردەوامە

13:22 - 6 خاکەلێوه 2722

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین لە حاڵیکدا سیهەمین ڕۆژی تێدەپەڕێنێت کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە درێژەکێشانی ئەو شەڕە سەرەڕای بەئاکام نەگەیشتنی هەوڵە دیپلۆماتیکییەکان بەرز بووەتەوە.

بەهۆی شەڕی ئۆکراین هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئۆکراین ئاوارە بوونە و زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ لەخۆ دەگرێت ناچار بوونە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

بەرپرسانی ئۆکراین ڕۆژی هەینی ٥ی خاکەلێوە ڕایانگەیاند کە لە هێرشی ئاسمانیی حەوتووی ڕابردووی هێزەکانی ڕووسیە بۆ سەر هۆڵێکی شانۆ لە شاری ماریوپۆل کە خەڵکی مەدەنی لەو شوێنەدا پەنایان گرتبوو، نزیکەی ٣٠٠ کەس کوژران.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوە کردووە کە لە دەسپێکی هێرشی ڕووسیە زیاتر لە ٧٠ هێرشی جیاواز بۆ سەر نەخۆشخانەکان، ئامبوڵانسەکان و پزیشکەکان کراوە و ئامارەکانی ئەو هێرشانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.

هێزەکانی ڕووسیە بەرەو پێتەختی ئۆکراین لە حاڵی پێشڕەویدان، هەروەها لە شاری ئیرپین دەرگیری شەڕی قورسن.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە لە ئۆکراین وەدی هاتووە و باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی ئەو وڵاتە تیشک دەخەنە سەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ''دونباسی ڕۆژهەڵات''.

سەرکۆماری ئۆکراین وتوویەتی کە زەربەیەکی قورسیان بە هێزەکانی ڕووسیە گەیاندووە و لە پەیامێکی ڤیدیویی باسی لەوە کردووە کە وەزیری بەرگریی ڕووسیە بێسەروشوێن بووە.

''ڤیلادمیر زێلێنسکی'' ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا ١٦ هەزار سەربازی ڕووسی کوژراون، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە لە دووهەمین ڕاگەیاندراوی زیانەکانی خۆی وتوویەتی کە هەزار و ٣٥١ سەربازی ڕووسی کوژراون.