کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

12:43 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ماڵپەڕەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، بە نیسبەت یەکگرتووییی کورد نیگەرانن و هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە نیسبەت یەکگرتووییی کورد نیگەرانی دەربڕیوە و لە ماڵپەڕەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتدا، هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و لەم ڕێگایەوە هەوڵی تۆمەت خستنە پاڵی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان داوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئیرادەی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێک هاتووە و بە کەڵکوەرگرتن لە بیری هاوبەش لە پێناو دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی کردار و خەباتی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار دەکات.

پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هەنگاوێکی کردەیی بوو بۆ کار لە پێناو دەستەبەربوونی ئامانجە هاوبەشەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، کە لە پێناو دەستەبەربوونی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار دەکەن.

هەر لە سەرەتای پێکهاتنی ئەم ناوەندەوە هەتاکوو ئێستا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت یەکدەنگی و یەکئامانجی ئەو حیزبانە دژکردەوەی جیاوازی نیشان داوە و گەلێک بانگەشەی ناڕاستی لەو پێوەندییەدا کردووە.

ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (٢٠١٨/١/٩ی زایینی)، دوای چەند کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی، بڕیاری پێکهێنانی ناوەندێک بە مەبەستی ڕێکخستنی هاوکاریی نێوان حیزبەکان درا و لە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، ئەو ناوەندە بوونی خۆی ڕاگەیاند و بەفەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.