کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشێکی ڕاکتی کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا

14:03 - 30 بانەمەڕ 2720

سەرچاوە ئەمنییەتییەکان باسیان لەوە کردووە کە دەوروبەری باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا جارێکی دیکە کراوەتە ئامانجی هێرشە کاتیۆشاییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، هێرشێکی ڕاکتی کراوەتە سەر باڵویزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

کۆمیتەی زانیاری گەیاندنی ئەمنییەتیی عێراق بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاندووە کە کاتیۆشایەک لە ماڵە چۆڵەکانی نێو ناوچەی سەوزی داوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ڕاکێتە لە شارەکی "ئەلادریسی" لە شەقامی " فەلەستینـ"ـەوە هاویشتراوە و پاش کەوتنە خوارەوە خەسارەتێکی کەمی بە ماڵەکان گەیاندووە.

هەندێک لە زانیارییە نافەرمییەکان باس لە برینداربوونی چەند کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە دەکات.

هەروەها هەندێکی دیکە لە زانیارییەکان باس لەوە دەکات کە ئەو هێرشانە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

بەم هێرشە نوێیەوە، ئەمە ٢٨ـەمین حاڵەتی هێرشی لەو چەشنەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە عێراق.