کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشێکی ڕێژیم ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئامریکا لە عێراق پووچەڵ کرایەوە

10:33 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هێرشێکی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق، لە لایەن هێزە ‌ئەمنییەتییەکانی عێراقەوە پووچەڵ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی عێراقی فیدراڵ، ڕۆژی شەممە ۱۳ی ڕێبەندان، لە ناوچەی "دۆڵابـ"ـی سەربە ناحیەی بەغدادی خۆراوای پارێزگای ئەنبار، پولیسی پارێزگای ئەنبار بە هاوکاریی هێزێکی سپای عێراق دەستیان بە سەر ژمارەیەک مووشەکدا گرتووە، کە ڕووبە سەربازگەی "عەین ئەلئەسەد"ی هێزەکانی ئامریکا لەو ناوچەیە دانراوە و ویستوویانە ئەو بنکەیە کە گەورەترین سەربازگەی هێزەکانی ئامریکایە لە عێراق، بکەنە ئامانج.

سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق لەمبارەوە ڕایانگەیاند؛ مووشەکەکان سازکراوی ڕێژیمی ئێران بوونە و بە شێوەی ئۆتۆماتیک لەسەر تایمێر دانراون کە کاتژمێر ۱۲ی نێوەڕۆ ڕووبە سەربازگەی "عەین ئەلئەسەد"ی هێزەکانی ئامریکا لەو ناوچەیە بتەقێندرێن، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراقی فیدراڵ زوو گەیشتوونەتە شوێنی مووشەکەکان و پیلانەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو ناچەیە کە مووشەکەکان لێی دانراون، هێزێکی میلیشیای حەشدی شەعبیی سەربە ڕێژیمی ئێران جێگیرە و ئەو هێزەش پێشتر هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئامریکا بەتایبەتی ئەو سەربازگەیە کردووە، کە ئەگەر ناوچەکە چۆڵ نەکەن، هێرش دەکەنە سەریان.

پێشتریش میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبیی سەربە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشەیان لە جێگیربوون و مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە عێراقدا کردووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای کەرکووک، هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئامریکا کردووە، کە نابێت لە شارەکانی ئەو پارێزگایە هاتوچوو بکەن، هەروەها هێزێکی میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای "مووسڵـ"ـیش رێگه‌یان به‌ هێزەکانی ئا‌مریكا نه‌داوه‌ به‌ناو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری مووسڵدا بسووڕێنه‌وه‌.