کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان بەردەوامە

11:37 - 26 بەفرانبار 2720

"زرێبار" کە تا ئەمڕۆ مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر بوو ئەمڕۆکە لە ئاگردا دەسووتێت و جێڕاوگەی پەلەوەرە کۆچەرییەکان دەبێ بە خەڵووز.

لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا کەسانێکی دژە ژینگە و سەر بە ڕێژیمی کاولکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکیتر هێرشیان کردووەتە سەر گۆلی "زرێبار".

ئەو کەسانە بێڕوحمانە ئاوریان لە جەستەی "زرێبار" بەرداوە و سەریان لە هەزاران باڵندەی کۆچەری کە گۆلی زرێباریان وەک تاڵاوێکی ئەمن هەڵدەبژارد شێواندووە.

ئەو کاولکارییە ژینگەییە ناڕەزایەتی و بەداخبوونی چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی ئەو ناوچەیەی بەتایبەت لێ کەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، بەتەمای گواستنەوەی ئاوی ناوچەی پارێزراو و ئێکۆتووریستیی "خەرپاپ" و لێدانی بەنداوی "کانی شینکە" لە "باوەلە"ن.

وەزارەتی وزەی ڕێژیم بە بیانووی "پڕۆژەی میللی" و بووژاندنەوەی گۆڵی "ورمێ" بە تەمای وێرانکردن و لەنێوبردنی ژینگە بەتایبەت لە شارەکانی "سەردەشت" و "پیرانشار"دایە.

لەم پێناوەدا "ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار"، بەرانبەر بەو کاولکارییە ژینگەییە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و هەر لە قۆناغەکانی یەکەمی دەستپێکی ئەو پڕۆژەیەدا دژ بەو هەوڵە ڕاوەستاونەتەوە.

ئەو ئەنجومەنە ژینگەییە لە بەیانییەکەی خۆیدا هەروەها نووسیویەتی: "ئاوی ڕووباری "خەرپاپ" لە کۆتاییدا لە ٥٠ کیلۆمیتریی خواردەستی خۆیەوە دەڕژێتە نێو بەنداوی "کۆڵەسە"ی سەردەشت و بیانوویەک بۆ گواستنەوەی ئەو ئاوە بوونی نییە".