کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هۆشداریی توندی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە

13:00 - 7 گەلاوێژ 2720

سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا هۆشدارییان بە حیزبوڵڵا و دەوڵەتی لوبنان دا کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لەگەڵ کاردانەوەی توندی ئێمە بەرەوڕوو دەبنەوە.

''بێنیامین نێتانیاهوو'' سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ''بێنی گانتس'' وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە هۆشدارییان بە حیزبوڵڵا و دەوڵەتی لوبنان دا کە لە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی ئیسرائیل خۆیان ببوێرن.

ئەم دوو بەرپرسەی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد کە بۆ ماوەیەک کەماندۆیەکی حیزبووڵڵا لە سنووری لوبنان هاتووەتە نێو خاکی ئیسرائیل کە ئەمە بە ڕووداوێکی جیددی دادەنرێت.

''نێتانیاهوو'' وتوویەتی، حیزبوڵڵا و دەوڵەتی لوبنان بەرپرسیاریەتیی هەر هێرشێکیان لە ئەستۆ دەبێت و لە درێژەدا زیادی کرد کە حیزبوڵڵا لەگەڵ ئاگر یاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەرتشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی ''مزارع شەعبا '' پێشی بە  گرووپێک لە میلیشاکانی حیزبوڵڵا گرتووە کە ویستوویانە بێنە نێو خاکی ئیسرائیلەوە.

گرژییەکان لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و بەم هۆیەوە ئیسرائیل هێزەکانی خۆی لە سنووری لوبنان زیاتر کردووە.