کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی دادوەری و ئیتلاعاتی سپا کۆ بوونەوە

17:34 - 1 خەزەڵوەر 2720

هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو کە هەزاران کەس کوژران، بریندار و زیندانی کران، سەرۆکی هێزی دادوەری و ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە بێهیوایی نێوخۆیی بە نیزام و کێشەی ئابووریی خەڵک کرا. لە بەشێکی ئەو کۆبوونەوەدا "ئیبراهیم ڕەئیسی" لەگەڵ "محەممەد کازمی"، حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا و ڕۆڵی سپای بەنیسبەت ئەرک و پاراستنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان زۆر گرینگ وەسف کرد.

ئەو کۆبوونەوەیە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆیدا تووشی قەیرانێکی جیددی بووە و کاربەدەستەکانی ترسیان لە خۆپیشاندانی خەڵک هەیە.

یەک ساڵ پێش لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨دا خەڵک دژ بە گرانیی بێنزین ڕژانە سەر شەقامەکان و بەتوندترین شێوە لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کران.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردبووەوە کە ٣٠٠ کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار و دەسبەسەر کراون. هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" دواتر بڵاوی کردەوە کە یەک هەزار و ٥٠٠ کەس لەو خۆپیشاندانانەدا کوژاران.

هەتا ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانیان بڵاو نەکردووەتەوە.