کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی دادوەریی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی سڕینەوەی بەهاییەکانی کرد

12:00 - 24 جۆزەردان 2720

بەهاییەکانی ئێران لەژێر گوشاری بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێراندان و هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی سڕینەوەی ئەوانی کردووە.

کۆمەڵگای جیهانیی بەهاییەکان لە بەیانیەیەکدا بڵاویان کردووەتەوە: "گوشار، ئەزیەت و ئازاری بەهاییەکان لە ئێران بەرزتر بووەتەوە".

لەو بەیانیەیەدا هاتووە: "جیا لەوەیکە کۆرۆنا تەنگی بە کۆمەڵگا هەڵچنیوە، ئەمجارە هێزی دادوەریی ڕێژیمی تاران بەفەرمی هەڕەشەی بنبڕکردن و سڕینەوەی بەهاییەکانی کردووە".

لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامریکادا کە بەنیسبەت پێشێلکاریی ئازادییەکان، ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان بڵاو کرایەوە، باس لەو بەربەستانە کرابوو که یاسای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان دیاریی کردووە.

ڕێژیمی ئێران یەکێک لە خراپترین کارنامەکانی لە بواری پێشێلکردنی ئازادییە ئایینییەکانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە.

لە ئێراندا "بەهایی، مەسیحی، دەروێش و جوولەکەکان" تەنیا بەهۆی باوەڕەکانیانەوە دەکەونە زیندان، لە چوونە زانکۆ بێبەشن، بێڕێزی بە پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکرێت و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتەکانیشدا سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنن.