کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی دەریایی ئامریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی هەڵگری مادەی تەقینەوەی ئێراندا گرت

09:51 - 4 رێبەندان 2721

هێزی دەریایی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە لە ئاوەکانی نزیک عەمان دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کە هەڵگری ٤٠ تۆن کودی کیمیایی بووە کە دەتوانرێت بۆ دروستکردنی مادەی تەقینەوە کەڵکی لێ وەربگیرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، هێزی دەریایی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم کەشتییە لە ئێرانەوە وەڕێ کەوتووە و لە مەسیرێکدا لە حاڵی ڕۆیشتندا بووە کە پێشتر بۆ قاچاخی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکانی یەمەن کەڵکی لێ وەردەگیرا.

هێزی دەریایی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەشتییە ساڵی ڕابردووش لە حاڵی گواستنەوەی هەزاران چەک بوو کە دەستی بەسەردا گیرا و ڕادەستی گاردی کەناراوی یەمەن کرابوو.

هێزەکانی دەریایی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە دەستیان بەسەر ٤٠ تۆن کودی ئورەدا گرتووە کە وەکوو مادەی سەرەتایی بۆ دروستکردنی مادەی تەقینەوە بە کار دەهێنرێت.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان بەو هەواڵە نیشان نەداوە.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام چەکوچۆل و کەرەستەی نیزامیی بۆ گرووپە نیابەتییەکانی خۆی لە وڵاتانی عێراق، یەمەن، سووریە و لوبنان ڕەوانە کردووە کە دەیان جار لەلایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەست بەسەر ئەو چەکۆچۆڵانەدا گیراوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بەردەوام ئەو بابەتەی ڕەت کردووەتەوە.