کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی دەریایی ئامریکا پێنج قاچاخچیی ماددەی هۆشبەری ئێرانیی لە ئاوەکانی "عەمانـ"ـدا ڕزگار کرد

14:43 - 26 سەرماوەز 2721

هێزی دەریایی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەز ڕایگەیاند: "لە کاتی بەهاناچوونی بەلەمێکی ئاگرگرتوو لە ئاوەکانی عەمان، پێنج ئێرانیمان ڕزگار کرد کە مادەی هۆشبەریان پێ بوو".

هەروەها هێزی دەریایی ئامریکا وتوویەتی: "ئەو ڕووداوە کاتێک ڕووی دا کە سەرنشینەکانی ئەو بەلەمە چاویان بە ئێمە کەوتووە و لە ئەنباری ئەو بەلەمەدا دەستیان کردووە بە ڕژانی جۆرێک سووتەمەنیی تراو، هەروەها دستبەجێ لە دوای هەڵکردنی ئاگر تەقینەوەیەک ڕووی دا".

بەپێی هەواڵدەریی "ئاسۆشێیتێد پرێس" مەلەوانەکانی ئامریکا کە لەو کاتەدا گەشتیان لێداوە، بەهانای ئەو پێنج قاچاخچییە ئیرانییەوە چوون و ڕزگاریان کردوون.

مەلەوانە ئامریکاییەکان پتر لە ١٧٤٥ کیلۆ حەشیش و ٥٠٠ گرەم مت ئامفتالین کە لە بازاڕی ڕەشدا بە "شیشە" دەناسرێت و ٣٠ گرەم هێرۆئینیان لەو بەلەمە سووتاوەدا دۆزیوەتەوە.

هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا نرخی ئەو مادە هۆشبەرانە بە نزیک ١٤ ملیۆن و٧٠٠ هەزار دۆلار مەزەندە کردووە.