کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لە ئامادەباشیی تەواودایە

12:13 - 16 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ئامریکایی ڕایگەیاندووە، هێزی مووشەکیی ئێران لە سەرتاسەری وڵاتدا کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.

بەرپرسێکی ئامریکایی، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بەفرانبار، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە، هێزی مووشەکیی ئێران لە سەرتاسەری وڵاتدا، لە سەرووترین ئاستی ئامادەباشیدایە، بەڵام دیار نییە کە ئەو ئامادەباشییە هێرشبەرانەیە یان بەرگریکارانە.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە کە ناوی بڵاو نەکراوەتەوە، هەروەها ڕایگەیاندووە، "سەرەڕای ئەوەی کە نازانین ئامادەباشییەکەی ئێران بەرگریکارانەیە یان هێرشبەرانە، جموجووڵەکانی چاوەدێری دەکەین".

هاوکات ڕۆیتێرز ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بەفرانبار، هەواڵێکی سەبارەت بە هێرشێکی ڕاکێتی بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاو کردەوە کە یەک دانە لەو ڕاکێتانە لە نزیکیی باڵوێزخانەی ئامریکای داوە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیبووی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران هێرش بکاتە سەر هەر کەس یان ئامانجێکی ئامریکایی، ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەخێرایی و بەهێزەوە وڵامی دەداتەوە".