کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی مووشەکیی ئێران و تەگەرەی ئەمنییەتی

10:25 - 15 خەرمانان 2718

دوکتور محەممەد حسەین‌زادە

 ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی نیگەرانی و گۆشار و گەمارۆ و سزای وڵاتانی جیهانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر خۆی و شارۆمەندانی، مووشەکی جۆراوجۆر یان لە وڵاتانی دیکە وەک کوریای باکوور و چین و ڕووسیه هاوردە دەکات و یان بەرهەمیان دێنێت و تاقیان دەکاتەوە. شیاوی ئاماژەیە کە هەوڵی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ درووست‌کردنی مووشەک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شۆڕش و بە تایبەت شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق. بەڵام ئەو هەوڵە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرەی سەندووە. زنجیرە مووشەکەکانی "شەهاب ١ ، ٢ ، ٣"، "سجیل ١ ، ٢ "، "قیام"، "زلزال١ ، ٢ ، ٣ ، ٤ "، "خۆڕەمشار"، "کەنداوی فارس"، "فاتح" ، "عیماد"  "عاشوورا"، "نازعات"، "فەجر" و "قەدر" کە لە ٣٠٠ تا ٢٠٠٠ کیلۆمیتر دەپێون؛ بەشێک لەو مووشەکانەن کە ئێران هەتا ئێستا تاقی کردوونەتەوە و بەرپرسان و هەواڵدەرییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەو مووشەکانە لە پرۆسەی تاقیکردەنەوەدا ئامانجە دیاری کراوەکانی خۆیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە.

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا و هەروەها بەشێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی_ئیسلامی، ناوچە لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و هێزی مووشەکیی ئێران بووەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچە و جیهان و ئەو هێزە بە مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبیین. بە بڕوای ئەوان ئێران لە داهاتوودا ئەو مووشەکانە بۆ هێرش کردنە سەر ئەو وڵاتانە بە کار دەهێنێت. هەڵبەت ئەو نیگەرانییه بێ هۆ نییە و بەرپرسانی سیاسی و ئەرتەشی ئێران زۆر کات هاوکات لەگەڵ تاقی کردنەوەی مووشەکەکانیان هۆشداریان داوەتە وڵاتانی دیکە و بە تایبەت هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەدا و ئەمە نیگەرانیی زۆری لای ئەو وڵاتانە درووست کردووە و هەر بە هۆیەوە هەتا ڕادەیەک گۆشار و گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران.

بەڵام لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کاتێک کە بەرەوڕووی گوشار و گەمارۆ دەبنەوە دەڵێن کە هێزی مووشەکیی ئەوان هەڕەشە بۆ سەر هێچ وڵاتێک درووست ناکات و توانای مووشەکیی وڵاتەکەیان هێزێکی بەرگریکارانە و پێشگیرانەیە. یانی وای ڕادەگەیەنن و بانگەشە دەکەن کە چۆن وڵاتانی دوژمن وەک ئامریکا و ئیسرائیل بەردەوام لە فکر و خەیاڵی ئەوەدان کە هێرش بکەنە سەر ئێران و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بڕووخێنن کەوابوو ئەوان ناچارن کە بە مەبەستی بەرگری و پێشگری لە هێرشی وڵاتانی دوژمن، ژمارە و ئاستی تەکنیکیی مووشەکەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە. بەڵام ئەو ڕوانگەیە هەڵگری ڕاستی نییه. دەزانین کە ئێران پێشتریش لە قۆناغە جیاوازەکاندا کە بەرەوڕووی هیچ جۆرە کێشەیەکی ئەمنییەتیش نەبووەتەوە مووشەکی تاقی کردووەتەوە و بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. تەنانەت دوای ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران و ئامریکا لە دەورەی ئۆبامادا سپا و ئەرتەشی ئێران چەندین جار مووشەکی دوورهاوێژیان تاقی کردەوە بە جۆرێک کە لە نێو خودی ئێرانیشدا هێندێک لە چالاکانی سیاسی و کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەو هەوڵانەی ئێران بوونە هۆی ترسی دۆناڵد ترامپ و ڕێگای بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتننامەیە خۆش کرد. لە ئەساسیشدا توانای مووشەکیی ئێران خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و هەڵگیرسانی تەگەرەی ئەمنییەتی(Security dilemma) لە ناوچەدا. دیارە تەگەرەی ئەمنیش کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ یان کێبڕکێی چەکوچۆڵی لێ دەکەوێتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕە.

تەگەرەی ئەمنییەتی (یان دیلێمای ئەمنییەتی یان تەنگەژەی ئەمنییەتی) یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی ڕاستیوازانە(Realistic)یە. تەگەرەی ئەمنییەتی دەرئەنجام و بەرهەمی دۆخی ئانارکی(Anarchy)  سیستەمی نێودەوڵەتییه. هەر وڵاتێک هەوڵ دەدات کە لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی توانایی و بەهێزکردنی خۆیەوە ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی دابین بکات. بەڵام ئەو هەوڵە دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکەی وڵاتانی دیکە و بە تایبەت وڵاتانی دەوروبەر. ئەوانیش لە بەرانبەردا تێدەکۆشن هێزی خۆیان بەرفراوانتر بکەن. ئەم ڕەوتە چەرخەیەک لە ئەمنییەت و نائەمنی دێنێتە ئاراوە کە هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ دەرچوون لەو چەرخە بوونی نییە. لە دۆخی تەگەرەی ئەمنییەتیدا هەست بە نائەمنی کردن کە خۆی بەرهەمی ترس و دڵەڕاوکێی دوولایەنەیە وا دەکات کە هەموو دەوڵەتەکان بۆ وەدەستهێنانی هێزی زیاتر بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی خۆیان بکەونە کێبڕکێ. هەرچەندە لێرەدا هەر کام لە وڵاتان وای ڕادەگەیەنن کە تەنیا هەوڵ بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی خۆیاندان دەدەن و بە هیچ جۆرێک هێرش ناکەنە سەر هیچ وڵاتێک بەڵام وڵاتانی دیکە کە لە دۆخێکی ئانارکیدا دەژین هیچ متمانەیەکیان بەو قسانە نییه و ناتوانن دڵنیا بن کە ئەو بەهێزبوونە نابێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەوان و کەوابوو بە ڕەش‌بینییه‌وە دەڕواننە پلان و بەرنامە و هێزی وڵاتانی دیکە. بۆیە بە ناچاری بەهێزبوونی هەر ئەکتەرێک دەبێتە هۆی ترسی ئەکتەر یان ئەکتەرانی دیکە.

لێرەدا هێچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە وتن و دووپات کردنەوەی ئەوەی کە نییەت و قەستی خراپم نییه و بەهێزبوونی من تەنیا بەرگریکارانەیە نەک هێرش کردن، ئەکتر و لایەنەکانی دیکە دڵنیا بکاتەوە. دەوڵەتەکان سیاسەتی خۆیان بەپێی قسەی ڕێبەرانی وڵاتانی دیکە داناڕێژن. ئاشکرایە ئەوان هەر جۆرە بەهێزبوونێکی وڵاتانی دیکە وەک هەڕەشەیەک لە سەر خۆیان دەبینن. بەتایبەت وڵاتانێک کە لە میژوویاندا نیشانیان داوە پابەندی زۆر یاسای نێودەوڵەتی نین ترس و دڵەڕاوکێیەکی زیاتر دەخۆلقێنن. کەوابوو تەگەرەی ئەمنییەتی بەرهەم و ئاکامی بێ­متمانەیی و ترس و دڵەڕاوکێیە و ئەم تەگەرەیە خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی زۆرێک لە شەڕ و پێکدادانەکانە. هەتا ئێستا و ئەم کاتە هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم تەگەرەیە نەدۆزراوەتەوە.

ئاشکرایە چالاکیی چەندین ساڵەی مووشەکیی ئێران و تاقی کردنەوەی هەموو جۆرە مووشەکێکی زەوینی و زەریایی و ئاسمانی و کورت‌ هاوێژ و نێوان هاوێژ و دوورهاوێژ بە بڕشتی جۆراوجۆر و سووتەمەنیی ڕەق و شلەمەنییهوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی تەگەرەی ئەمنییەتی لە ناوچەدا. ئێران لە ڕوانگەی وڵاتانی دەوروبەریەوە وڵاتێکە کە جێگای متمانە نییە و هەر بۆیە خۆبەهێزکردنی تاران بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی وڵاتانی دیکە و تەگەرەی ئەمنی لێکەوتووەتەوە و ئاکامی ئەو تەگەرەیەش کێبڕکێی چەکوچۆڵ لە نیو وڵاتان دایە. ئەمەش چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان متمانەیان بە ئێران نییە و ئەو هێزە بە هێزێکی هێرشبەرانە دەزانن و نەک بەرگریکارانە و پێشگیرانە و ئەمنییەتی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن هێج ڕێگایەکیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە کڕێنی چەکوچۆڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای خۆیان بۆ ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ ئێران.

هەر بۆیە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی کەنداو لەم ساڵانەی دواییدا پووڵ و پارە و سەرمایەیەکی هێجگار زۆیان بۆ کڕینی چەکوچۆڵ لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری چەکی پێشکەوتوو دابین کردووە. هەر وەها هێندێک لەو وڵاتانە وەک عەرەبستان بە کڕینی مووشەکی دوورهاوێژ یان قەتەر و ئیمارات بە کڕینی سیستەمگەلی دژە مووشەکی لە ئامریکا و ڕووسیه و دامەزراندنی هەموو جۆرە ئامراز و کەرەستەی پێویست بەو سیستەمانە لە وڵاتەکەیاندا خۆیان بۆ هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ مووشەکەکانی ئێران ئامادە کردووە. بەڵام مەترسیی گەورە ئەوەیە کە ئێران لە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆی کڕێن و هاوردە کردن و درووست کردن و تاقیکردنەوەی جۆری مووشەکەکان ڕاناوەستێت و هیچ سنوورێکی دیاری کراوی لەو بووارەدا نییه و تەنانەت لە ئێستاشدا کە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتتنامەی ئەتۆمی بەرەوڕووی گەمارۆ و سزای ئامریکا بووەتەوە و لانیکەم لە ڕووی ئابوورییەوە دۆخێکی زۆر خراپی بە سەر شارۆمەندانیا سەپاندووە، هەر جۆرە دانووستان و گفتوگۆیەک لەسەر هێزی مووشەکی بە هێڵی سوور دەزانێت. هاوکات دەستێوەردان و هەڕەشەی لەسەر وڵاتانی دیکەی ناوچە ڕوو لە زیاد بوون دەکات. ئەم سیاسەتە نەک هەر ئێرانی لە ناوخۆدا بەرەو قەیران بردووە، بەڵکوو وای کردووە وڵاتانی دیکەش سنوورێک بۆ کڕین و دامەزراندنی چەکوچۆڵ دیاری نەکەن و دیارە ئەوە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی هەر چی زیاتری ناوچە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.