کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای تێرۆریستی پاسداران دەرگیر بوون

19:24 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ناوچە شاخاوییەکانی پیرانشار، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی کۆڵبەران، لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران دەرگیر بوون.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، کاتژمێر ٣:٣٠ی دوانیوەڕۆ بە کاتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و جاشە بەکرێگیراوەکانیان لە شاخە سنوورییەکانی نێوان پیرانشار و چۆمان، هێرشیان بردە سەر کۆڵبەرانی کورد و تەقەیان لێ کردن.

لەو کاتەدا دەستەیەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەو ناوچەیەدا خەریکی گەڕان بوون، بە ئاگاداربوون لە تەقەی پاسدارەکان بۆ سەر کۆڵبەرانی هەژار، لە پاسداران و جاشەکان هاتنە دەست و دەرگیر بوون.

بەپێی زانیارییەکان، دوای شکستخواردنی پاسدارەکان و جاشەکانیان، هەتاکوو کاتژمێر ٥:٣٠ بە کاتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٤ی دوانیوەڕۆ بە کاتی کوردستانی باشوور، سپای تێرۆریستی پاسداران، لە تۆڵەی شکستەکەیاندا، دەستیان داوەتە تۆپبارانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی باشوور لە سنووری چۆمان و بەردەسووران و شوێنی ژیانی خەڵکی ئاساییان تۆپباران کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، لەو دەرگیرییەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە و دوای ڕاونانی پاسداران و جاشەکانیان، بەسڵامەتی درێژەیان بە گەڕانی خۆیان داوە. لە خەسارەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.