کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی پێشمەرگەی کوردستان پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کوردستانە

18:23 - 17 گەلاوێژ 2719

ئاویەر

لە سەروبەندی شەڕی دژە داعش و لە کاتی ئازادکردنی شەڕی موسڵدا، مشتومڕێک لە باشووری کوردستان ساز بوو کە ئایا هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێ لەم شەڕەدا کە لە دەرەوەی خاکی کوردستانە بەشدار بێت یان نا. تەوەری سەرەکیی ئەم باسە بۆ تێگەیشتن لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە. ئەگەر هەر ئەم باسە بۆ دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگوازینەوە دەبێ باس لەوە بکەین کە بەرژەوەندیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چیدایە هەتاکوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان پارێزگاریی لێ بکا؟ کاک "کاوە بەهرامی" وەکوو بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پیشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە پانتایی چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە ئاگری و ورمێ تاکوو ئیلام و لوڕستانە. ئەم پانتاییە بەرفراوانە کە ڕۆژهەڵات وەکوو کوردستانێکی گەورەی بچووک دەردەخا بەرەوڕووی دۆخێکمان دەکاتەوە کە تێیدا پێشمەرگە دەبێتە ئەو هێزەی کە لە سەرەوەی هەر زار و ئایینێک لە کوردستان پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان دەکا و سنووری بەرژەوەندییەکانی کوردستان بە ئازادکردنی ئاگری تا لوڕستان گرێ دەداتەوە.

بەهۆی ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ لە دۆخی کۆلۆنیبووندا هێشتراوەتەوە و نەتەوەی سەردەستی ئێرانی خاکی کوردستان و نەتەوەی کوردی بەکۆلۆنی کردووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەرکی ئازادکردنی خاکی کوردستان و ڕزگارکردنی نەتەوەی کوردی لە ئەستۆ گرتووە. کۆلۆنیاڵیزمی ئێرانی بە مەبەستی بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان وەکوو نەوت، گاز و ئاو پێویستی بەوە بووە و هەیە کە لە لایەکەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حوزوورێکی سوپایی بەردەوام و چڕی هەبێ و لە لایەکەوە لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژی ئێرانچیەتییەوە شەرعیەت بە بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵات بدا و تەنانەت هەندێک لە جاشە خۆفرۆشەکان لەگەڵ خۆی هاوڕا بکا. لەم دۆخەدا، هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی دژە کۆلۆنیاڵیزمە و هەر لەبەر ئەم توانایەی هێزی پێشمەرگە بۆ پووچەڵکردنەوەی هێژموونیی ئێرانچیەتی، هەر کات بەهێزتر بووە، خۆی تەیار کردووە و لە ڕۆژهەڵات حوزووری فیزیکی هەبووە، ڕێژیمی ئێران تۆقاوە.

کەواتە دەتوانین بڵێین لە دۆخی خەباتی دژ بە کۆلۆنیاڵیزمی ئێرانی و بۆ بەدیهاتنی ڕزگاریی کوردستان و سەربەستی هاونیشتمانییەکانی کوردستان، بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەرەتادا ئەوەیە خاکی کوردستان ڕزگار بکرێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبینین پێشمەرگە تاکوو ئیستا زیاتر لەسەر خاکی کوردستان دەستەویەخەی هێزی سوپای ئێران بووەتەوە. بەڵام چونکە ئازادکردنی خاکی کوردستان تەنیا لە ڕێگەی شکەستی ڕاستەوخۆی سوپای داگیرکەر بەدی نایە، هێزی پێشمەرگە دەتوانێ لە ڕێگای دەیان مێکانیزمی خەباتەوە بەرەوڕووی دوژمن ببێتەوە. بۆ نموونە بەشی سایبریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێ زیاتر لە جاران لە فکری هەککردنی دامودەزگای نیزامی و  سیخوڕییەکانی ڕژیم بێ. هەروەها یەکێک لە مێکانیزمە هەرە گرنگەکان کە هێزی پێشمەرگە دەتوانێ کەڵکی لێ وەربگرێ نائەمنکردنی ژیان بۆ کاربەدەستانی  دەسەڵاتی داگیرکەر بۆ ژیان لە کوردستانە. واتە کاربەدەست، کارمەند و بەرپرسە ئێرانییەکان کە لە کوردستان کار دەکەن و هاوکاری سیستەمی سوڵتەی کۆلۆنیاڵیزمن دەبێ ترس بکەوێتە دڵیانەوە و تەنانەت شەوێک لە کوردستان بە ئارامی سەر نەنێنەوە. تەنانەت ئەگەر لە ڕوانگەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە سەیری ئەم مژارە بکەین کاتێک سەرچاوەکانی کوردستان بەتاڵان دەبرێن و گەشەی ناوچە ناوەندییەکانی ئێران بە نرخی چەوساندنەوەی کورد و گەشەنەسەندنی کوردستان تەواو دەبێ، هێزی پێشمەرگە دەتوانێ سنووری چالاکییەکانی خۆی بۆ دەرەوەی سنووری کوردستان بگوازێتەوە، چونکە لێرەدا بەرژەوەندیی کوردستان لە دابڕان لەو سیستەمەدایە کە کورد تێیدا وەک نەتەوەی بندەست پەراوێز خراوە و نکۆڵی لە ناسنامەی کراوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.