کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەواشەکارییەکانی سپای پاسدارانی ڕەت کردەوە

12:39 - 20 خەرمانان 2720

هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای  تێرۆریستی پاسداران، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "سپای پاسداران لە زەنجیرە عەمەلیاتێکدا  بنکە و مەقەڕەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و  زیانێکی زۆریان بە مەقەڕەکان گەیاندووە".

"کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" ڕایگەیاند: "ئیدعاکانی سپای پاسداران دوورە لە ڕاستی و ئێمە لەو ناوچەیە هیچ بنکەیەکی سابتمان نییە".

بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێـشمەرگەی کوردستان، بە ڕەتکردنەوەی ئیدعاکانی سپای پاسداران لەمەڕ شەهید و بریندارکردنی پێشمەرگەکانی کوردستان، وتوویەتی: "لەو تۆپبارانکردنەدا هیچ خەسارێکی گیانیمان نەبووە و پێشمەرگەکانی کوردستان لە سڵامەتیی تەواودان".

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٩ی خه‌رمانان، سپای تێرۆریستی پاسداران به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشی كرده‌ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ مووشەک له‌ به‌رزاییه‌كانی "ته‌لان" سه‌ر به‌ ناوچه‌ی سیده‌كانی دا.

پاش هێرشی مووشکیی سپای پاسداران، تۆپخانەکانی سپا بەرزاییەکانی "بەربەزینـ"ـیان بەسەختی بۆردومان کرد.