کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی ئینتزامیی ڕێژیم هێرشی کردە بازاڕی دۆلارفرۆشان

16:54 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێران و کوردستاندا، هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردەوە سەر بازاری دۆلار فرۆشان لە شاری جوانڕۆ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان هێرشیان کردووەتەوە سەر بازاڕی دۆلار فرۆشان و شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە سەرکوتەکەرەکانی ڕێژیمی ڕووی داوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە سەد هاووڵاتییان لەو شارە دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە ڕوون نییە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕاشیگەیاند، لە بازاری گۆڕێنەوەی دراوە بیانییەکانی شاری جوانڕو هەر کەس بڕی ١٠ هەزار دۆلار بگۆڕێتەوە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت.

نرخی دۆلار ڕۆژی سێشەممە پاش ئاخاوتنی دانڵد ترامپ، هەزار تمەنی دیکە گران بوو و شەپۆلێکی دیکەی درووست کرد؛ بەپێی ئامارەکان کە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە ئەرز و زێڕ بڵاویان کردووەتەوە نرخی هەر یۆرۆ لەو کاتەدا گەیشتە ٢١هەزار و ٦٠٠ تمەن و هەر پۆندێکی بریتانیاش بە ٢٤ هەزار و ٢٠٠ تمەن ئاڵوگۆڕی پێکرا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر، بازاڕی ئەرز جارێکی تر شاهیدی هەڵکشان و داکشانی چرکە بە چرکە بوو، بەچەشنێک کە لەناکاو هەر دۆلارێکی ئامریکا زیاتر لە دوو هەزار تمەن گرانتر بوو و سنووری ١٩ هەزار تمەنی تێپەڕاند.