کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی ئینتیزامی لە سەرکوتەکانی کوردستان و ئێراندا دەستێکی باڵای هەبووە

16:06 - 20 رەزبەر 2721

"قاسم ڕەزایی" جێگری فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "دوژمن پیلان و ئاژاوەیەکی زۆر دەنێتەوە، وەکوو پیلانەکانی ساڵەکانی ٨٨، ٩٨ و ٩٩ کە هەموویان لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵ کرانەوە، بەتایبەت لە ئاژاوەی ٨٨دا" یەگانی تایبەت بە باشی خۆی پیشان دا".

"ڕەزایی" لە درێژەدا و لە ڕێوڕەسمی بەیانیانی گشتیی یەگانی تایبەتی ناجادا باسی لەوە کرد: "فەرماندەی ئێمە، فەقێیەکی زانا و ئایینی لە پلەی خۆیدایە، هەروەها وەلیی فەقیهـ و جێگری ئیمام مەهدییە کە ئەو تایبەتمەندییە جیاوازیی هێزە چەکدارەکانی ئێمەی بەنیسبەت وڵاتانی دیکە جیا کردووەتەوە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە خۆپیشاندانەکانی "ئەحواز" کرد و وتی: "دوژمن لەو بابەتە کەڵکاژۆی وەرگرت، بەڵام ناجا بە هاوکاریی خەڵک ئەو پیلانەی پووچەڵ کردەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لەحاڵێکدا ئەو قسانە دەکات کە لە سەردەمی پێش و پاش بوون بە ڕێبەری "عەلی خامنەیی"، هێزە نیزامییەکان تەواوی ناڕەزایەتییە مەدەنی و هێمنەکانیان بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کرد، بە شێوەیەک کە لەو ماوەیەدا لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران بەگشتی هەزاران کەس بە فەرمانی "عەلی خامنەیی" و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە بەناو ئینتیزامییەکان و سپا و بەسیج کوژران.